گۆران ئازاد ئەندامی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای دەكات: تائێستا بۆیان ڕوون نەبۆتەوە كە هۆكاری كەمبوونەوەی نەوتی شیواشۆك بە ئەنقەست بووە یاخود نا، بەڵام ئاشتی هەورامی وتوویەتی: دوو كێڵگەی نەوتیش لە دهۆك وشكیان كردووە.
گۆران ئازاد لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانس ئاماژەی بۆ ئەوەكردوە، كە رۆژی یەك شەممەی رابردوو لەگەڵ قایمقامی كۆیە، لەبارەی دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی كێڵگەی شیواشۆك سەردانی ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێمیان كردوەو ڕەتیكردۆتەوە، كە هۆكاری سیاسی لەپشت كەمبوونەوەی نەوتی شیواشۆك بێت.
وتیشی: لەگەڵ وەزیری سامانە سروشتیەكان قسەیان لەسەر كەمبوونەوەی نەوتی شیواشۆك كردوە كە لەكۆتایی ساڵی 2015دا رۆژانە بەرهەمەكەی 72 هەزار بەرمیل بووە، بەڵام لە ئێستادا كەمیكردوە بۆ 20 هەزار بەرمیلو هێشتا هۆكارەكەی نازانرێت چیە، ئاشتی هەورامیش وتویەتی كە داوایان لە كۆمپانیایەك كردوە، بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە بكاتو بەڵێنیداوە هەر كاتێك ڕاپۆرتی كۆمپانیاكە تەواوبوو وێنەیەكمان پێبدات.
گۆران ئازاد ئەوەشی ئاشكراكرد: كە وەزیری سامانە سروشتیەكان وتویەتی، لە پارێزگای دهۆكیش دوو كێڵگەی تری نەوت كە هی كۆمپانیای (دی ئێن ئۆ)ی نەرویجی بوون، ئەوانیش بەهەمان شێوە وشكبوون.