حكومەتی هەرێم باج لە كارمەندان و كرێكارانی كەرتی تایبەت وەردەگرێت


بەبڕیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان، كارمەندان‌و كرێكارانی كەرتی تایبەت باجیان لێوەردەگیرێت‌و هەر مووچەخۆرێكی كەرتی تایبەتیش مووچەی مانگانەی لە یەك ملیۆن دینار زیاتر بێت، دەبێت لەسەدا پێنجی وەكو باج بداتە حكومەت.

وەزارەتی دارایی هەرێم لە راگەیەنراوێكدا  ئاماژەی بەوەكردوە: كە بەڕێوبەرایەتی گشتی باجەكان و خانووبەرەی میری، ئاماژە بە پەیڕەوی ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠١٧، كە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان دەرچووە و تایبەتە بە باجی لێبڕینی ڕاستەوخۆ، بۆ كەرتی تایبەت، تێیدا ماوەی پێشكەش كردنی ڕاپۆرت دیاری دەكات.

وەرزی یەكەم لەمانگی یەك دەست پێدەكات تا كۆتایی مانگی سێی ئەمساڵ، كە گشت نموونەكانی ڕاپۆرت و پارەدان بەردەستن لە هەموو بەشەكانی لێبڕینی ڕاستەخۆ، لە بەڕێوەبەرایەتیەكانی باجی كۆمپانیاكان و باجی دەرامەت و پێشكەش كردنیان لە هەمان بەش دەكرێت، پێش كۆتایی هاتنی وادەی دیاریكراو لە ٢١ی نیسان، بەڵام ئەگەر لەو وادەیەدا پارەكە نەدرێت ئەوا بەڕێژەی لەسەدا پێنجی كۆی باجەكە سزا دەدرێت، پاش كۆتایی هاتنی وادەیی یاسایی پێشكەشكردنی راپۆرتەكەش لەدوای 21 رۆژ، ئەو ڕێژەیە دەبێت بە لەسەدا (10).