هەڵەبجە: چوارەمین فێستیڤاڵی ساڵانەی خۆراكی گیایی و سرووشتی بەڕێوەچوو


سەرۆكی رێكخراوی ئارامیی هەڵەبجە بۆ پاراستنی مرۆڤ و ژینگە، ئارام خەسرەو دەربارەی ئامانجی فێستیڤاڵەكەیان كە ساڵانە لەگەڵ رێكخراوی نوێ پێی هەڵدەستن، ڕایگەیاند: “ئامانجمان لەم فێستیڤاڵە ئەوەیە كە بەشێوەیەكی زانستی و سەرلەنوێ خۆراكە گیاییەكان بە هاووڵاتییان بناسێنینەوە، زانست سەلماندوویەتی ئەم رووەكانە خاوەنی بەهایەكی گەورەی كاریگەری خۆراكین لە رووی كانزاكانەوە و توێژینەوە كراوە لەسەر ئەو كانزایانەی لەشی مرۆڤیان لێ پێكهاتووە بەهەمان شێوە لەسەرجەم خۆراكە سرووشتیەكاندا هەیە”.

وتیشی: “بەگوێرەی شوێن و كەشوهەوای ئەو ناوچەیەی هەركەسێكی تێدا نیشتەجێیە، خوای گەورە گژوگیا و خۆراكێكی گونجاوی بە پێكهاتەی مرۆڤی ئەو ناوچەیە بەخشیووە، گەر خەڵكی ئەو ناوچانە خۆیان لەو خۆراكە سرووشتیانە و ئەو گژوگیایانەی دەورووبەریان لانەدەن و بەكاریان بهێنن، زامنی تەندروستییەكی باشی جەستەی خەڵكی ئەو ناوچەیە دەكات”.

سەرۆكی رێكخراوی ئارامیی هەڵەبجە بۆ پاراستنی مرۆڤ و ژینگە، ئارام خەسرەو زیاتر وتی: “دەمانەوێت ئەوە روون بكەینەوە كە ئەم خۆراكانە تەنها خۆراكی كەسانی بەتەمەن نین و خۆراكی سەرجەم چین و توێژەكانە، ئێمە ساڵانە بەردەوام دەبین تا بیكەینەوە بە كولتوور چۆن خەمی دەستخستنی گۆشتی هەیە ئاواش بەدوای خۆراكە رووەكییەكاندا بچێت و ئەو كات تەندروستتر بێت”.

لای خۆیەوە بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، دکتۆر خالس ئەحمەد لەدوای كردنەوەی فێستیڤاڵەكە ڕایگەیاند: “بەدڵنیاییەوە هەر گرنگیدانێك بە بەروبوومی سرووشتی و كشتوكاڵی، گرنگیدانە بەتەندروستی مرۆڤ و ئەركی وەزارەتی تەندروستی سووك دەكات، چونكە لە راستیدا گرنگ لە كاری وەزارەتی تەندروستی هێندەی رێگریە لە تووشبوونی هاووڵاتییان بە نەخۆشی، هێندە چارەسەركردن نییە، بۆیە هێڵی خۆپاراستن لە وەزارەتی كشتوكاڵەوە دەست پێ دەكات لە چۆنیەتی ئەو خۆراكەی هاوردە دەكرێت ئەو خۆراكەی لەناوەوە بەرهەم دەهێنرێت”.

وتیشی: “راستە پێشتر ئەم خۆراكە گیاییانە خۆراكی سەرەكی خەڵكی بوون بەڵام ئێستا كە خەڵكی لێی دوور كەوتووەتەوە، دەبێت هەوڵمان ئەوە بێت چۆن ئەم خۆراكانە بكەینە جێگرەوەی خۆراكی ئێستا، چونكە گەڕانەوە بۆ ئەم خۆراكانە وادەكات خەڵكی هەم تەندروست باش بن هەم نەفس پاك بن، كە ئەوەش هاووڵاتییەكی تەندروست دەبێت بۆیە رێگای تەندروست بوونی هاووڵاتییان بەگەڕانەوە بۆخۆراكی سرووشتی دەبێت”.

لای خۆیەوە یەكێك لەسەرپەرشتیارانی ئامادەكردنی گژوگیاكان، هێرۆ وەكیل ڕایگەیاند: “ئەمە چوارەمین ساڵە ئەم فێستیڤاڵە ساز دەكەین، ئەمڕۆ زیاتر لە 60 جۆر رووەك و گژوگیا كە بۆ خواردن شیاوە نمایش كراوە، زۆرترین ژن لە دەستخستن و ئامادەكردنی ئەم گژوگیایانە بەشداریی كردووە، چونكە زۆربەی زۆری ئەم جۆرە گیایانە لە بازاڕەكاندا دەست ناكەون خۆمان رۆشتووینەتە شاخەكانی هەورامان و دەشتی شارەزوور دەستمان خستوون”.

وتیشی: “خۆراكە گیاییەكان بەسێ جۆر نمایش كراون بە سەوزی و بە سوورەوە كراوی و بە كوڵاوی، تا هەركەسێك كە دێتە فێستیڤاڵەكە لەپاڵ بینینی گیاكان ئاشنا بێت بەشێوازی ئامادەكردنیشیان بۆ خواردن”.