لە روونكردنەوەیەكدا د.عەلی سندی، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان بەوەكالەت رایدەگەیێنێ، حكومەتی عێراق بڕی 223 ملیار دیناری بۆ جووتیارانی هەرێمی كوردستان دابینكردووە. ئەوەش خراوەتەڕوو، ئێستا وەزارەتی دارایی و ئابووری سەرقاڵی گواستنەوەی بڕە پارەكەیە بۆ هەرێمی كوردستان.
لە روونكردنەوەكەدا ئاماژە بۆ ئەوە كراوە، هەفتەی رابردوو حكومەتی فیدراڵی عێراق فەرمانی خەرجكردنی بڕی نزیكەی 223 ملیار دیناری جووتیارانی هەرێمی كوردستانی دەركردووە، كە دەكاتە 37.05%ی كۆی شایستەی جووتیاران بۆ ساڵی 2016.
لە بەشێكی دیكەی روونكردنەوەكەدا هاتووە “ئێستا وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرقاڵی گواستنەوەی بڕە پارەكەیە بۆ هەرێمی كوردستان، جووتیارانی هەرێمی كوردستان ئاگاداردەكەینەوە بە گەیشتنی سیولەی نەقدی لە بەغداوە بۆ هەرێم، پرۆسەی دابەشكردنی پارەكە دەستپێدەكات”.
لە كۆتایی روونكردنەوەكەدا داوا لە حكومەتی عێراق كراوە، لە داهاتوودا بڕی ماوەی شایستەی جووتیارانی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵانی پێشووتر كە بریتییە لە 684 ملیار دینار (69 ملیار دینار هی 2014، بڕی 243 ملیار دینار هی 2015 و، 372 ملیار دینار هی 2016) خەرج بكات، بەتایبەتی كە ئێستا جووتیارانی كوردستان لە سەروبەندی نزیكبوونەوەی وەزری نوێی بەبازاڕكردنن بۆ ساڵی 2017.
لە ساڵی 2016دا جووتیارانی هەرێمی كوردستان 886 هەزار تۆن گەنم و جۆیان رادەستی حكومەتی عێراق كردووە، كۆی پارەكەشی دەكاتە نزیكەی 596 ملیار دینار.