بڕیارێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێریو گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی سلێمانی، هەلی دامەزراندن بۆ دەرچوانی زانكۆ دەڕەخسێنێتو وەك بەڕێوەبەرو توێژەری كۆمەڵایەتیو دەرونی دادەمەزرێن.
لەراگەیەندراوێكدا بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێریو گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی سلێمانی رەخساندنی هەلی كارو دامەزراندن بۆ دەرچوانی زانكۆ رادەگەیەنێت.
بەپێی راگەیەندراوەكەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێریو گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی سلێمانی: “بەهۆی بڕیارێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێرییو گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی لەپارێزگای سلێمانی، 44 دەرچوی زانكۆ لەپسپۆڕی پەیوەست بە پەروەردەی منداڵ بەناونیشانی بەڕێوەبەر یان توێژەری كۆمەڵایەتیو دەرونی دەبنە خاوەن كار لەدایەنگە ناحكومییەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی”.
لەراگەیەندراوەكەدا ئهوه هاتوە “لەماوەی 4 مانگی رابردودا، بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێرییو گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی لەپارێزگای سلێمانی بەچاودێریی بەڕێوەبەری گشتی، لەڕێگەی بەشی دایەنگەكانو بەشە پەیوەندیدارەكانەوە بەشێوەی چڕو پڕ سەرقاڵی ژمارەیەك رێكارو ڕێنماییو جێبەجێكردنی بڕیار بو بۆ باشتركردنو بەرزكردنەوەی ئاستی دایەنگە ناحكومییەكان، یەكێك لەبڕیارەكانیش بریتی بو لەوەی پێویستە دایەنگەیەكان توێژەری كۆمەڵایەتی یان دەرونیان هەبێتو بەڕێوەبەریش نابێت ئاستی لەبەكالۆریۆس كەمتر بێت، جێبەجێكردنی ئەم بڕیارەش بوە هۆی ئەوەی (22) دایەنگە كە بەڕێوەبەرەكانیان بڕوانامەی پێویستیان نەبوە دەرچوانی زانكۆ دابمەزرێننو (16) دایەنگەی تریش توێژەری كۆمەڵایەتیو دەرونی بۆ دایەنگەكانیان دابین بكەن، سەرجەمی ئەو دەرچوانەی زانكۆش كە بونە خاوەن كاری خۆیان بریتین لە (38) دەرچوی زانكۆ كە زۆرینەیان لەپسپۆڕییەكانی كۆمەڵناسیو دەرونناسین، ئەمە بێجگە لەوەی ژمارەیەك لەدایەنگەكان پێش ئەو بڕیارە ئەو ڕێكارانەیان جێبەجێكردوەو پابەندبون بە سیستمەكەوە”.
هەر بەپێی راگەیەندراوەكە “عومەر گوڵپی بەڕێوەبەری گشتی چاودێرییو گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی لەپارێزگای سلێمانی رایگەیاندوە “ئێمە بەهیچ جۆرێك نامانەوێت ببینە بارگرانی لەسەر دایەنگەكان، بەڵام لەپێناو بەرژەوەندی گشتیو پاراستنی مافی منداڵو پەروەردەیەكی باشترو ژیانێكی سەلامەتتر ئەو ڕێكارانەمان گرتوەتەبەر بە پشت بەستن بە یاساو ڕێنماییە كارپێكراوەكانی دایەنگە، خۆشحاڵیشن كە ئەو بڕیارو هەنگاوانە سەرەڕای باشتركردنی كاری دایەنگەكان بونەتە هۆی رەخساندنی دەرفەتی كار بۆ ئەو ژمارەیە لەگەنجان كە وەك دەزانین لەئێستەدا بەهۆی قەیرانی داراییەوە دەرچوانی زانكۆ كێشەی كاریان هەیە، پرۆسەی چاودێرییو سەرپەرشتیكردنی دایەنگەكانیش پرۆسەیەكی بەردەوامە”.