گەشپێدانی سەرچاوە ئاوییەكانی عیراق پێویستی بە 180 ملیار دۆلارە


وەزیری سەرچاوە ئاوییەكانی عیراق ئاشكرایكرد، وڵاتەكەی پێویستی بە 180 ملیار دۆلارە  بۆ گەشەپێدانی سەرچاوە ئاوییەكان و گۆڕینی سیستمی گشتی ئاو.

حەسەن جەنابی لەمیانی بەشداریكردنی لە كۆڕبەندی وزەی عیراق لەشاری بەغدا رایگەیاند، عیراق پێویستی بە 180 ملیار دۆلارە بۆ گەشەپێدانی سەرچاوە ئاوییەكان، لەو برە پارەیەش 60 ملیار دۆلاری بۆ ژێرخان دەبێت ‌و 80 ملیار دۆلاریشی بۆ چاككردنی سیستمی ئاوی خواردنەوەو ئاوەڕۆ دەبێت، هەروەها  10 ملیار دۆلاریشیان بۆ دروستكردنی بەنداو پێویستە، جگە لەوەش  پێویستیان بە نزیكەی 12 ملیار دۆلارە بۆ دروستكردنی چەند پرۆژەیەكی تری بواری سیستمی ئاو.

وەزیری سەرچاوە ئاوییەكانی عیراق داواشیكرد، چاكسازی ریشەیی لەسیستمی ئاوی عیراقدا بكرێت و دوپاتیشكردەوە كە پێویستە پارێزگاری لە سەرچاوە ئاوییەكانی وڵات بكرێت.