مانگی داهاتوو كۆڕبەندی فرۆكەخانەكانی عیراق لەشاری سلێمانی رێكدەخرێت

بەمەبەستی زیادكردنی ژمارەی گەشتیاران و برەودان بە گواستنەوەی ئاسمانی شتومەک، سەرەتای مانگی داهاتوو كۆڕبەندی فڕۆكەخانەكانی عیراق لەشاری سلێمانی رێك دەخرێت.

تاهیر عەبدوڵا بەرێوەبەری گشتی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە رۆژانی 3 و 4 ی مانگی ئایاری ئەمساڵدا، كۆڕبەندی فرۆكەخانەكانی عیراق لەفڕۆكەخانەی سلێمانی رێكدەخرێت، ئەوەش لەپێناو برەودان بەكەرتی گەشتیاری و هاوردەكردنی كاڵاو شمەك لەرێگەی فرۆكەخانەوە.

تاهیر عەبدوڵا ئاماژەی بەوەش کرد: فرۆکەخانەی سلێمانی ناوەندێکی گرنگە لەسلێمانی بۆ هاتووچۆ کردن و گواستنەوی کەلوپەلی بازرگانان لەئێستاشدا سەرقاڵی خۆئامادەکردنین بۆ پرۆسەی دوای ئازادکردنی موسڵ و برەودان بە بەشی گواستنەوەی کەلوپەل لەفرۆکەخانە بەمەبەستی کارئاسانی کردن بۆ بازرگانان و کۆمپانیاکانی سلێمانی گواستنەوەی کەلوپلەکانیان بۆ شاری موسڵ و بنیادنانەوی ژێرخانی شارەکە لەگەڵ بنیادنانەوەی ئەو ناوچانەی داعش وێرانی کردون.