وەزارەتی پیشەسازیو كانزاكانی ئێران ئاشكرایكرد، لەدوای رێككەوتنی ئەتۆمیەوە تائێستا، 117 گرێبەستیان لەگەڵ كۆمپانیا بیانیەكان ئیمزاكردووەو لەسەدا 53 شیان چونەتە بواری جێبەجێكردنەوە.
ئاژانسی ئیرنا بڵاویكردەوە، بەتەنها لەساڵی 2016دا بەهای وەبەرهێنانی بیانی لە ئێران گەیشتۆتە 12 ملیار دۆلارو ئەڵمانیا لەریزبەندی یەكەمی ئەو وڵاتانەدا هاتووە، كە زۆرترین وەبەرهێنانیان ئەنجامداوە كە نزیكەی 4 ملیار دۆلار بووە.
ئاماژەی بەوەشداوە، خۆراسانی باكوور لەپلەی یەكەمی ئەو ناوچانەی ئێراندا هاتووە كە ساڵی رابردوو زۆرترین وەبەرهێنانی بیانی تێداكراوە، كە بەهاكەی 3 ملیار و 400 ملیۆن دۆلار بووە.
هەروەها قەبارەی وەبەرهێنانی بیانی لە ئێران لەساڵی 2016دا بەراورد بەساڵانی رابردوو زۆر زیادیكردوە، هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە تاران لەماوەی رابردوودا چەندین دانوستانو كۆبونەوەی لەگەڵ رێكخراوە بازرگانیەكانی جیهاندا ئەنجامداوە، بۆ ئەوەی دەرگای وەبەرهێنانیان بەڕوودا بكاتەوە.