تاران‌و مۆسكۆ لەبری دۆلار بۆ بازرگانی دراوی نیشتمانی خۆیان بەكاردەهێنن


 بارێزگاری بانكی ناوەندی ئێران ئاشكرایكرد، تاران و مۆسكۆ بەنیازن لەداهاتوویەكی نزیكدا لەبری دۆلار بۆ بازرگانی نێوانیان دراوی نیشتمانی خۆیان بەكاربهێنن. 

(وەلی ئەڵا سیف) پارێزگاری بانكی ناوەندی ئێران بە ئاژانسی هەواڵی میهری راگەیاند، لەمیانی دانوستانەكانمان لەگەڵ بەرپرسانی روسیا لەسەر ئەوە رێككەوتین، كە خزمەتگوزاری كارتی خێرای بانكی لەنێوان هەردوو وڵات چالاك بكەین، تاوەكوو گەشتیارانی هەردوولا بتوانن بەئاسانی كارتی زیرەكی خەرجكردن بەكاربهێنن.

ئاماژەی بەوەشدا، كە دوو بانكی گەورەی روسیا و ئێران بڕیاریانداوە ئاسانكاریی بۆ بازرگانان و هاوڵاتیان بكەن  تاوەكوو لەبڕی دۆلار بۆ مامەڵەكانیان دراوی ریاڵ و رۆبڵ بەكاربهێنن.

پارێزگاری بانكی ناوەندی ئێران ئەوەشی خستەروو، كە ئەو رێككەوتنە كۆتایی پێهاتوەو دوای هەفتەیەكی تر ئامادەیە بۆ ئەوەی ئیمزای جێبەجێكردنی بكرێت.