ئەگەر ئەو تانانەی حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی عێراق لە یاسای بودجەی 2017ی داوە لە دادگای فیدڕاڵی بیباتەوە؛ 21 ملیار دیناری كەركوك و هەڵهبجە دەبڕێت و بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت: ״مەترسیی بڕینی پارەی دەرمان و خۆراكی هەرێمیش هەیە.״
ئەحمەد حاجی ڕەشید، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە “ئاژانس”ی وت: ״لە كۆی 21 ماددەی بودجە عەبادی تانەی لە 17 ماددە داوە كە بەشێكیان پەیوەندییان بە كوردەوە هەیە، لەوانە مووچەی پێشمەرگەیە كە لە بودجەكەدا ناوەند ناچار كراوە سەرفیان بكات، هەروەها بڕی 20 ملیار دینار دانراوە بۆ كەركوك و بڕی یەك ملیار و 200 ملیۆن دیناریش بۆ هەڵەبجە تەرخان كراوە و ئەگەر تانەكەی سەر بگرێت ئەو پارانە دەبڕدرێن״.
وتیشی: ״دەرمان و بەشەخۆراكی مانگانە لە بودجەی حاكمییەدا هاتووە، بەڵام بە موافەقەتی سەرۆكوەزیران سەرف دەكرێت و بە سەرۆكی حكوومەتی هەرێم و جێگرەكەیمان وتووە كە ئەو بڕیارەی دەیدەن و پابەند نابن بە بودجەی 2017ی عێراقەوە تەوهقوعی ئەوە بكەن كە پارەی دەرمان و بایەعی ببڕدرێت״.