قایمقامی سلێمانی: شوێنە گشتیەكان موڵكی چەند كەسێك نییە كارەکانیشمان لەسەر سكاڵای هاوڵاتیان كردووە


(ئاوات محەمەد) قایمقامی قەزای مەركەزی سلێمانی لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا بەنوێنەری دەستگێڕەكانی ناو شاری راگەیاند، ئەم كارە لەپێناو رێكخستنەوەی شەقام و شوێنە گشتییەكان بووە تا هاوڵاتیان كاروبارەكانی رۆژانەیان بەباشی بەڕێبكەن. 

وتیشی، شەقام و شوێنە گشتیەكان بەتەنیا موڵكی چەند كەسێك نییەو گشتیە ئەم كارەشمان لەسەر سكاڵای هاوڵاتیان كردووە, هەر بۆیە لەگەڵ لیژنەكانمان گەیشتینە ئەو بڕیارەی سكاڵای هاوڵاتیان جێبەجێ بكەین كە ئەمەش یاساییەو هیچ نایاساییەكی تێدا نییە.

ئاماژەی بەوەشکرد” ئائێستا ئێمە لەگەڵ پارێزگاری سڵیمانی و شارەوانی سڵیمانی و لایەنە پەیوەندیدارەکان سەرقاڵی ئەوەی شوێنک بۆ کاسبکاران دابینبکەین بۆ ئەوەی کارو کەسابەتی خۆیانی تێدا بکەن”.

ئاوات محەمەد ڕاشیگەیاند: یەکێک لەو ئاستەنگ و گرفتانەی  لەبەردەم هەوڵەکانماندایە  ئەوەیە ئەم کاسبکارە بەرێزانە دەیانەوێت لەناو سەنتەری شاردا شوێنیان بۆ دابین بکەین کە ئەم جێگا و شوێنانە زۆر کەمە، ئێمە تەنها دەتوانین ئێش لەسەر موڵکی شارەوانی بکەین نەک موڵکی هاوڵاتی، لەئایندەیەکی نزیکدا ئەنجامی کارەکانمان دەبینرێت.

قایمقامی قەزای مەركەزی سلێمانی وتیشی: ئێمە ژمارە و ئاماری ئەو کەسانەمان لایە کە لەناو بازاڕدا ئیشیان کردوە تەنها شوێن بۆ ئەو کەسانە دەبین دەکەین کە ئیشی تریان نەبێت و لەهیچ فەرمانگەیەک فەرمانبەر نەبن.