وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات كە لە ١٥ی نیسانەوە تا ١٥ی كانوونی یەكەمی ئەمساڵ باج دەخەنە سەر بەرهەمی هاوردەی سەوزە و میوە، واتە لەو وەرزانەی كە بەرهەمەكانی خۆماڵی پێ دەگەن، تا جووتیارانی كوردستان زیانیان پێ نەگات و بەرووبوومەكانیان ساخ بكەنەوە.
عەبدولستار مەجید لەبارەی هاوكاری جوتیارانی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەیەكی ناوچەكانی مادەی 140دا وتی، لە 15ی نیسانەوە تا 15ی كانوونی یەكەم باج دەخەینە سەر بەرهەمی هاوردەی سەوزە و میوە لەو وەرزانەی كە بەرهەمەكانی خۆماڵی پێ دەگەن، تا جووتیاران زیانیان پێ نەگات و بەروبوومەكانیان ساخ بكەنەوە.
دەربارەی پارەی گەنمی جووتیارانیش وەزیری كشتوكاڵ ڕای گەیاند، ئەو بابەتە پێوەستە بە هەردوو وەزارەتی بازرگانیی عێراق و هەرێمی كوردستانەوە، بەڵام وەزارەتی كشتوكاڵ لە روانگەی هەستكردن بە بەرپرسیاریەتی و بۆ بەرژەوەندیی جووتیاران بەردەوام هەوڵی داوە چ راستەوخۆ لە گەڵ بەغدا یان بە بەدواداچوونی بەردەوام تا هەرچەند بكرێت ئەم مافەیان بۆ دەستەبەر بكرێت.
ساڵانە بەمەبەستی بازاڕ پەیداكردن بۆ بەرووبوومی خۆماڵی و یارمەتیدانی جوتیارانی هەرێمی كوردستان، لەكاتی پێگەیەشتنی بەرهەمی خۆماڵی و بەمەبەستی بەرزكردنەوەی نرخیان بڕی باج زیاد دەكرێت.