وەزارەتی كارەبای هەرێم ئاشكرایكرد، بە مەبەستی دروستكردنی پەیوەندی و بەستنەوەی سەرجەم هاوبەشەكانی كارەبا لەڕێگەی پێوەری زیرەكەوە، داوای ڕادیۆ فریكوێنسی(ئاڕ ئێف)مان لەوەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن كردووەو ئەوانیش ڕەزامەندیان دەربڕیووە.
ئەندازیار (محەمەد ئەمین هەورامی) وتەبێژی وەزارەتی كارەبای هەرێم بەتۆڕی هەواڵی سلێمانی راگەیاند، بەجێگیركردنی ئەو پێوەرو فریكوێنسیە، پێویست ناكات تیمەكان بەمەبەستی نوسینی بڕی بەكارهێنانی كارەبا، سەردانی هاوبەشەكان بكەن، بەڵكو كۆنتڕۆڵی كارەبا بەشێوەی ئۆنلاین لەڕێژەی بەكارهێنان ئاگادار دەبێت، هاوڵاتیانیش بەهەمان شێوە ئەگەر بیانەوێت لەڕێگەی ئەو فریكوێنسەوە، ئامێرێكی بچوك بكڕن كە قەبارەكەی هێندەی شاشەیەكی بچوكی مۆبایلە، بە بەردەوامی لەگۆڕانكاریەكانی كارەباو گرفتەكانی ئاگاداردەكرێنەوە.
محەمەد ئەمین هەورامی وتیشی، بەجێبەجێكردنی تەواوی پرۆژەكە، هاوڵاتیان لەڕێگەی حسابی بانكییەوەو بەشێوەی ئۆنلاین دەتوانن پارەی كارەبا بدەن.
ئاماژەی بەوەشدا، ئامێرەكە ئامرازێكی پەیوەندییەو لەسەر ستونی كارەبا دادەنرێت لەڕێگەی تۆڕی هەواییەوە،لەلایەن كۆنتڕۆڵی پارێزگاكانەوە كۆنتڕۆڵ دەكرێت و لەماوەی دوو مانگی داهاتوودا لەسەر ژمارەیەك هاوبەشی كارەبا ئەو پرۆژەیە بەشێوەیەكی ئەزمونی دادەنرێت.