فێستیڤاڵی سلێمانی به‌دیاریكردنی باشترینه‌كان كۆتایی هات

نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 31-3-2017  له‌ته‌لاری هونه‌ر،  فێستیڤاڵی سلێمانی بۆ ده‌قی شانۆی كوردی به‌ دیاریكردنی باشترین ده‌ق و ئه‌كته‌ری كوڕو كچ  كۆتایی به‌ كاره‌كانی هێنا.



فێستیڤاڵی سلێمانی بۆ ده‌قی شانۆی كوردی له‌رۆژی 27-3-2017 ه‌وه‌ ده‌ستی پێكرد، ئه‌م فێستیڤاڵه‌ به‌هاوكاری سه‌ندیكای هونه‌رمه‌ندانی كوردستان و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڕۆشنبیری سلێمانی بۆ ماوه‌ی پێنج رۆژی به‌رده‌وام بوو، له‌و ماوه‌یه‌شدا 8 ده‌قی كوردی بۆ به‌شداری له‌ فێستیڤاڵه‌كه‌دا هه‌ڵبژێردران، به‌ڵام یه‌كێیكان به‌هۆی باری ته‌ندروستی ده‌رهێنه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ به‌شداری پێنه‌كرا.



ئه‌مڕۆش  لیژنه‌ی دادوه‌ری فێستیڤاڵ باشترین ده‌ق و ئه‌كته‌ری كور و كچ و ده‌رهێنه‌ر و به‌رهه‌می  دیاری كرد، لیژنه‌ی دادوه‌ران بۆ هه‌ر به‌شێك سێ كاندیدی دانابوو، دواتریش به‌ كۆی ده‌نگ یه‌كێك له‌و كاندیدانه‌ هه‌ڵده‌بژێردا.



سه‌ره‌تا بۆ باشترین ئه‌كته‌ری كچ شیلان عه‌بدوڵڵا ره‌سوڵ وه‌ك باشترین ئه‌كته‌ری كچ دیاری كراو خه‌ڵاتی وه‌رگرت، دوای وه‌رگرتنی خه‌ڵاته‌كه‌ش  شیلان عه‌بدوڵڵا له‌ وته‌یه‌كیدا وتی ناتوانم هیچ بڵێم، به‌ڵام دڵخۆشم ئه‌مڕۆ توانیم ماندووبونی دوو مانگی پێشووم بچنمه‌وه‌. 



پاشانیش  هونه‌رمه‌ند هه‌ڵشۆ عوسمان وه‌ك باشترین ئه‌كته‌ری كوڕ بۆ فێستیڤاڵی سلێمانی بۆ ده‌قی شانۆی كوردی دیاری كرا.



له‌به‌شێكی تری  مه‌راسمی دواین رۆژی فێستیڤاڵه‌كه‌ باشترین ده‌رهێنه‌ر دیاری كراو، ئه‌م خه‌لاته‌ش پێشكه‌ش به‌ هونه‌رمه‌ند به‌رزان محه‌مه‌د كرا، هاوكات گۆران ئه‌كره‌م وه‌ك باشترین سینارۆریست له‌ شانۆیی ( نوسینه‌وه‌ی یاده‌وه‌ری ونبویه‌ك) هه‌ڵبژێردرا.

له‌كۆتایشدا باشترین به‌رهه‌م دیاری كراو ئه‌م خه‌ڵاته‌ش به‌ر شانۆگه‌ری به‌ردی سه‌بوری كه‌وت.