حكومەتی سعودییە ئەو دەنگۆیانەی رەتكردەوە كە باسیان لەوەكردبوو، ئەوان نیازیان وایە قەرزەكانیان لەسەر عێراق بسڕنەوە.
دوای دیدارێكی نێوان (ئیبراهیم جەعفەری) وەزیری دەرەوەی عێراق و هاوشانە سعودییەكەی (عادل جوبێر) دەنگۆی ئەوە بڵاوكرایەوە كە گوایە حكومەتی ریاز ئامادەیی خۆی بۆ سڕینەوەی قەرزەكانی لەسەر بەغدا دەربڕیوە، بەڵام ئێستا وەزارەتی دەرەوەی سعودییە ئەو دەنگۆیانەی رەتكردۆتەوە.
ئاژانسی دەنگ و باسی سعودییە بڵاویكردۆتەوە، كە باس و خواسی سڕینەوەی قەرزەكان لەسەر عێراق دەنگۆیەكی بێ بنەمایە، ئەمە لەگەڵ ئەوەی ئەوان مەبەستیانە باشترین پەیوەندی لەنێوان ریازو بەغدا بنیات بنێن، لە لوتكەی ووڵاتانی عەرەبیش لە ئەردەن ئەم باسە لەنێوان پاشای سعودییەو سەرۆك وەزیرانی عێراق كراوە.