به‌ڕێوه‌به‌رێكی بانك له‌سلێمانی ئاماژه به‌وه ده‌كات که بانك رۆڵێكی گرنگ ده‌بینێت له‌پێشخستنی ئابوری‌دا، ئه‌و ده‌ڵێت “گه‌شه‌كردنی كه‌رتی تایبه‌ت، به‌بێ سیسته‌مێكی بانكی پێشكه‌وتوو مه‌حاڵه”
سالار غه‌ریب، به‌ڕێوه‌به‌ری بانكی ئاشتی له‌سلێمانی ئاماژه به‌وه ده‌كات كه بانك به‌شاڕه‌گی پێشكه‌وتنی وڵاتان داده‌نرێت، هه‌ر وڵاتێك سیسته‌مێكی گه‌شه‌كردوی نه‌بێت، گه‌شه كردنی كه‌رتی تایبهتو بازاڕی ئازاد گه‌شه‌ی ته‌واوی تیا ناكات، ئه‌و وتی “هه‌ندێك شاری وڵاتانی ده‌وروبه‌رمان به‌ده‌یان بانكی پێشكه‌وتوویان تێدایه‌و ئه‌مه‌ش بناغه‌ی پێشكه‌وتنی ئه‌و وڵاتانه‌یه”.
وتیشی “به‌ڵام ئێمه نه‌مانتوانیوه یاساكانی بانك به‌دروستی جێبه‌جێ بكه‌ین له‌هه‌رێمی كوردستان، به‌داخه‌وه ئه‌و سیسته‌مه بانكییه‌ی كه ئێمه كاری پێده‌كه‌ین سیسته‌مێكی زۆر پاشكه‌وتووه”.
ئه‌و پێیوایه هۆكاری ئه‌م پاشكهوتووییهی كوردستان، نه‌بونی شاره‌زایی ته‌واوه له‌بواری بانكداریدا، سه‌باره‌ت به‌گرنگترین ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م پێشكه‌وتنی بانك، سالار غه‌ریب وتی “یه‌كه‌م نه‌بونی پاره‌یه له‌به‌رده‌ستی ئه‌و بانكهدا، چونكه ئه‌گه‌ر پاره هه‌بوایه ئێمه ده‌مانتوانی قه‌رز بده‌ین، بۆ نمونه رێكخراو هه‌یه له‌سلێمانی ده‌توانێت قه‌رز بدات، پاره‌ش بهسوودێكی زۆر باش وه‌رده‌گیرێت، به‌ڵام ئێمه كه حكومه‌تین ناتوانین له‌م كاته‌دا قه‌رزێكی كه‌میش بده‌ین. دوه‌میش هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه‌یه ئه‌و پاره‌یه‌ی كه خه‌ڵك هه‌یه‌تی نایخاته بانكه‌وه”.
ناوبراو ئه‌وه رونده‌كاته‌وه كه هیچ كارگه‌و كۆمپانیایه‌ك سوودو قازانجی ناگات به‌سوودو قازانجی بانك، سه‌باره‌ت به‌په‌یوه‌ندی نێوان بانك‌و كه‌رتی تایبه‌تیش، ئه‌و وتی “كه‌رتی تایبه‌ت پێویستییه‌كی زۆری بهبانك ده‌بێت بۆ رایی كردن كاره‌كانی، ئه‌و پارانه‌ی هه‌یانه بۆ به‌ڕێوه‌بردنی كاری پڕۆژه‌كانیان لهبانكدا دایده‌نێنن، جاری وایه كه‌رتی تایبه‌ته‌كه پێویستی بهبانك ده‌بێت داوای قه‌رزی لێبكات، بانكیش خوازیاره قه‌رزی بداتێ بۆ ئه‌وه‌ی سوودو قازانجی لێوه‌ربگرێت”.
وتیشی “ئێمه له‌دۆخێكی زۆر ئاڵۆزداین، به‌داخه‌وه ئێستا هیچ ئاسانكارییه‌ك بۆ كه‌رتی تایبه‌ت ناكرێت لهبانكدا، ته‌نانه‌ت كه‌رتی تایبه‌ت ئیشیان كردوه بۆ حكومه‌ت ئێستا پاره‌كه‌یان نادرێتێ كه هه‌قی خۆیانه”.
به‌ڕێوه‌به‌ری بانكی ئاشتی جه‌غت له‌وه‌ش ده‌كات كه بۆ ئه‌وه‌ی بانكه‌كان زیاتر رۆڵیان هه‌بێت له‌پێشخستنی كه‌رتی تایبهتو گه‌شه‌ی ئابورییدا، پێویسته متمانه بگه‌ڕێنرێته‌وه بۆ بانك، ئه‌و وتی “هه‌بونی بانك واته متمانه كردنه به‌حكومه‌ت، حكومه‌ت پێویسته لێگه‌ڕێ بانكه‌كان خه‌ریكی كاری خۆیان بن، نه‌ك ده‌ستتێوه‌ردان بكات، ئێستا هه‌ندێكجار رێنمایی دێت زۆر دوره له‌رێنمایی بانكهوهو كفری بانكیی پێده‌وترێت”.
وتیشی “بانك له‌ساڵانی حه‌فتاو هه‌شتاكان ده‌سه‌ڵاتی هه‌بو، بانكی كاری دهكردو ده‌ستێوه‌ردانی له‌كاری بانكییدا نه‌بو، پاشان بونی كه‌سانی شاره‌زا له‌ناو بانكدا زۆر پێویسته، ته‌نانه‌ت لهوهزارهتهكانیشدا، كه‌سانی بهئهزمونو شاره‌زا ده‌توانن وه‌ك راوێكار پرس‌و راوێژیان پێبكرێت”.
ناوبراو سه‌رسوڕمانی خۆی به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ش ده‌رده‌بڕێت كه تا ئێستاش كار به‌سیسته‌می سۆشیالیستی ده‌كرێت له‌به‌ڕێوه‌بردنی بانكداو ده‌ستێوه‌ردانی حكومی هه‌یه، ئه‌و وتی “ئێستا سوود 6% ئه‌گه‌ر بڕیار بدرێت پاره به‌سوودی 8% له‌خه‌ڵكی وه‌ربگیرێت‌و توانای ئه‌وه‌شمان هه‌بێت ئه‌و پاره‌یه له‌كاتی خۆیدا بده‌ینه‌وه، خه‌ڵك ئاماده بێت پاره بخاته بانكه‌وه”.
وتیشی “ئێستا بانكی ئههلیو رێكخراوی ئه‌هلی هه‌یه به‌سوودی 14% تا 17% پاره له‌خه‌ڵك وهردهگرنو سهركهوتوشن لهرایی كردنی ئیشوكاری خۆیاندا”.
به‌ڕێوه‌به‌ری بانكی ئاشتی ئاماژه بهگرفتێكی دیكه‌ی بانكه‌كانی كوردستان‌و عێراق ده‌كات، كه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه نه‌به‌ستراونه‌ته‌وه بهبانكه جیهانییه‌كانه‌وه، ئه‌و وتی “بانكه ئه‌هلییه‌كان ده‌رفه‌تی گه‌شه‌و كاركردنیان زیاتر بو، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی قهیرانو مایه‌پوچ بون دو بانكی ئه‌هلی گرته‌وه، ئه‌وانیش متمانه‌یان له‌ناو خه‌ڵكدا نه‌ما”.
وتیشی “ئێمه‌ش وه‌ك بانكێكی حكومی كه پاره‌ی خه‌ڵك ناده‌ینه‌وه رۆڵی خراپ‌و كاریگه‌ری هه‌بوه بۆ ئه‌وه‌ی بازرگان‌و هاوڵاتیانیش پاره‌كانیان له‌ماڵه‌وه دابنێننو نه‌وێرن بیهێنن بیخه‌نه بانكه‌وه”.
ئه‌و ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات كه متمانه گه‌ڕانه‌وه بۆ بانكه‌كان پێویستی به‌ده‌ستپێشخه‌ری حكومه‌ته، ئه‌و وتی “تا پاره‌ی ته‌واو له‌بانكه‌كاندا نه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر كه‌سێك كه پاره‌ی داناوه‌و پێویستی پێیه‌تی رایبكێشێت، متمانه ناگه‌ڕێته‌وه بۆ بانكه‌كان”.
وتیشی “زۆرجار خه‌ڵك دێت وه‌ك تاقیكردنه‌وه تاقیمدهكاتهوه ده‌ڵێم پاره‌یه‌كم هه‌یه ده‌مه‌وێ له‌بانك دایبنێم، كه زانی ده‌توانێ رایبكێشێتهوهو گره‌نتی هه‌یه‌و ناترسێ ئه‌و پاره‌یه‌ی له‌ماڵه‌وه دایناوه ده‌یهێنێت بۆ بانك دایده‌نێت، به‌ڵام له‌م دۆخه‌دا خه‌ڵك زۆر به‌ده‌گمه‌ن ئاماده‌یه پاره بهێنێت بۆ بانك دایبنێت”.
ناوبراو ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات كه متمانه‌ی هاوڵاتیان به‌بانكه‌كان زۆر لاواز بووه، كه‌متر خه‌ڵك پاره دادهنێتو ئه‌وه‌شی دایده‌نێت به‌هۆی په‌یوه‌ندی كهسییهوهیه، ئه‌و وتی “بانكه‌كان كه‌وتون، زۆر هاوڵاتی پاره‌یان هه‌یه‌و دایانناوه كه‌چی كه دێن داوای 500 هه‌زار دینار ده‌كه‌ن بۆ چاره‌سه‌ری نهخۆشیو پێویستی ژیانیان، نایانده‌نێ”.
وتیشی “یه‌كێك له‌كێشه‌كانی ئێمه ئه‌وه‌یه نرخی سوودی 6% كه‌مه، ئێستا حكومه‌ت مه‌منونه پاره‌ی بده‌نێ له‌بانكی ده‌ره‌وه‌و بهسوودێكی باشیش، ئه‌و سووده‌ش ده‌ڕواته ده‌ره‌وه‌ی وڵات، ده‌با بڵێ ئه‌وه‌ی پاره له‌بانك دابنێت سووده‌كه‌ی 20% ده‌بێت بهگرهنتییهوهو دوای دو ساڵ ده‌یدرێته‌وه، بڕوا بكه بانكه‌كان پڕ ده‌بن له‌پاره‌و ئیش‌و كار ده‌بوژێته‌وه، زیانیش نییه بۆ حكومه‌ت، چونكه سووده‌كه ده‌چێته گیرفانی هاوڵاتیانه‌وه، به‌ڵام ئێستا حكومه‌تی به‌ریتانیا بڵێ 500 ملیۆن دۆلارتان ده‌ده‌می به‌سوودی 20% وهریدهگرنو مهمنویشن”.
به‌ڕێوه‌به‌ری بانكی ئاشتی له‌سلێمانی باس له‌وه‌ش ده‌كات كه رێنماییان ته‌نها له‌حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه بۆ دێت‌و هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیان به‌حكومه‌تی ناوه‌ندی به‌غداوه نییه‌و هیچ رێنمایه‌كی به‌غداش جێبه‌جی ناكه‌ن، ئه‌و وتی “به‌بڕوای من رێنماییه‌كانی به‌غدا باشتره، بۆ نمونه له‌سایه‌ی حكومه‌تی عێراقدا قه‌رز ده‌درێت بههاولاتیانو كه‌رته‌كانی پیشهسازیو كشتوكاڵ‌و خانوبه‌ره‌و چه‌ندین جۆر قه‌رزی دیكه، ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی پاره‌شیان له‌بانك داناوه هه‌ر كاتێك بیانه‌وێ پاره‌كانیان ده‌ده‌نه‌وه”.
وتیشی “خاڵێكی گرنگی جیاوازیی نێوان بانكه‌كانی عێراق‌و كوردستان ئه‌وه‌یه، كه بانكه‌كانی عێراق به‌سیسته‌می ئه‌لكترۆنیی كار ده‌كه‌ن، به‌ڵام بانكه‌كانی كوردستان هێشتا سیسته‌می ئه‌لكترۆنییان نییه”.
گۆڤاری بازرگانی‌و پیشەسازی