كێشەی كرێكارانی كارگەی چیمەنتۆی یەكگرتوو لەشاری سلێمانی چارەسەركراو هەر كرێكارێكیش كە گرێبەستەكەی هەڵوەشێنراوەتەوە، دوو مووچەو نیوی بەیەكەوە پێدەدرێت.
دوای ئەوەی كارگەی چیمەنتۆی یەكگرتوو، گرێبەستی كاركردنی 99 كرێكاری لە شاری سلێمانی هەڵوەشاندەوە، پێش جەژنی نەورۆز ئەو كرێكارانە گردبوونەوەیەكی ناڕەزاییان ئەنجامداو داوایان لە كۆمپانیای لاڤارج كرد، بەپێی گرێبەستەكە مافەكانیان بۆ بگێڕێتەوە.
بۆ چارەسەركردنی گرفتی ئەو كرێكارانەش، سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای كرێكارانی كوردستان و سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای كرێكارانی بیناسازیو كرێكارە دوورخراوەكان، لەگەڵ نوێنەری كۆمپانیاكانی فاروق گرووپو لاڤارجو لەبری پارێزگاری سڵیمانی كۆبونەوەو دوای گفتوگۆیەكی درێژ، توانرا كێشەی كرێكارەكان بەپێدانی دوو مووچە و نیو بەسەریەكەوە چارەسەر بكرێت.