چیك تراكتۆری عەنتەر بۆ جوتیارانی هەرێم دابین دەكات


كۆماری چیك تراكتۆری (زیتۆر) بۆ جووتیارانی كوردستان دابین دەكات و بەشداریی پڕۆژەی تەسویە و تەملیكی زەویی دەكات.

عەبدولستار مەجید وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو پێشوازیكردوە لەمستەر چیری شیر بریكاری وەزیری كشتوكاڵی كۆماری چیك و وەفدێكی باڵای بازرگانی و چئی جان ڤایچیتاڵ باڵیۆزی چیك لە عیراق و ئیڤا درادا كۆڤا كونسوڵی ئەو وڵاتە لە هەرێمی كوردستان و میلان مایكۆفیچ بەڕێوەبەری بازرگانیی كۆمپانیای تراكتۆری زیتۆر.

لەكۆبوونەوەیەكدا چەندین تەوەری گرنگ باسیان لێوەكراوە لە سەرووی هەموویانەوە پڕۆژەی تراكتۆری زیتۆری چیكی كە لەلای خۆمان بە عەنتەر ناسراوە، ئەویش دوای ئەوەی كە لەماوەیەكی كەمدا رێكەوتننامەیەك لەنێوان هەرێمی كوردستان و چیك ئیمزا دەكرێت كە ئەم پڕۆژە بە سێ قۆناغ ئەنجامدەدرێت، یەكەمیان كڕینی چەند نموونەیەكی ئەم تراكتۆرەو پێدانی بەجوتیاران بەنرخی پاڵپشت دوای وەرگرتنی رەزامەندیی وەزارەتی دارایی و ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، دووەمیان قۆناغی كۆكردنەوە، سێیەمیان دروستكردن و بەرهەمهێنانی تراكتۆر.
 
لەكۆبوونەوەكەدا باس لەپڕۆژەی تەسویەو تەملیك كراوە كە وەزارەت ئەنجامی دەدات و كۆمپانیاكانی وڵاتی چیك بەشداریی بكەن لەتەندەری ئەم پڕۆژەیە، گفتوگۆشكراوە لەسەر بەرهەمهێنانی بنەتۆی باوەڕپێكراو لە نێوان هەردوو وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم و چیك، ئەمە وێڕای دابینكردنی 30 كورسی خوێندنی باڵا بۆ كارمەندانی وەزارەت بەپێی پێویستی پسپۆڕییەكان.