پارێزگارى سلێمانى: به‌رده‌وام ده‌بین له‌ هه‌ڵمه‌تى رێكخستنه‌وه‌ى ناوبازار و شوێنه‌ گشتیه‌كان


ئه‌مرۆ 28ى ئازارى 2017، لیژنه‌ى ئه‌منى پارێزگاى سلێمانى به‌سه‌ر په‌ره‌شتى سه‌ردار قادر لە پارێزگارى سلێمانى كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ قائیمقامى قه‌زاى ناوه‌ندى سلێمانى و سه‌رۆكى شاره‌وانى سلێمانى و به‌رێوه‌به‌رى پۆلیسى سلێمانى به‌شێك له‌ فه‌رمانگه‌ ئه‌منییه‌كانى سلێمانى ئاماده‌ى بوون، دواین هه‌نگاوه‌كانى رێكخستنه‌وه‌ى ناوبازارى سلێمانى و شوێنه‌ گشتیه‌
كان  تاوتوێ كرا.

له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ده‌ستخۆشى له‌پۆلیس و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان كرا بۆ به‌رێوه‌بردنى ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ى ده‌ستى پێكردووه‌ بۆ رێكخستنه‌وه‌ى ناوشارو لابردن و رێگرى له‌ زیاده‌رۆى بۆ سه‌ر موڵكى گشتى.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پارێزگارى سلێمانى ته‌ئكیدى كرده‌وه‌ كه‌ ده‌بێت هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ به‌رده‌وام بێت و پشتیوانى و پشگیرى خۆى بۆ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانیش دووپات كرده‌وه‌.

پارێزگارى سلێمانى جه‌ختى كرده‌وه‌ كه‌ ئامانجى هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ رێكخستنه‌وه‌ى بازارو شوێنه‌ گشتیه‌كانه‌و به‌هیچ جۆرێك نایه‌نه‌وێت  زیان به‌ر ژیان و گوزه‌رانى كاسبكاران بكه‌وێت و راشیگه‌یاند: له‌رێگه‌ى شاره‌وانییه‌وه‌ هه‌وڵده‌ده‌ن شوێنى گونجاو بۆ  ئه‌و  ده‌ستگێرو  عاره‌بانه‌چیانه‌ دابین بكه‌ن كه‌ له‌نێو بازاردا سه‌رقاڵى كارو كه‌سابه‌تن.

سه‌دار قادر وتیشى: ده‌رگاى سكاڵا بۆ هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ كراوه‌یه‌ كه‌ هه‌ست ده‌كه‌ن به‌هۆى ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌وه‌ غه‌دریان لێكراوه‌و ده‌توانن سكاڵاكانیان ئاراسته‌ى پارێزگا و قائیمقامیه‌ت بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى به‌ پێى یاسا مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بكرێت.

هه‌ر له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كێشه‌و كه‌موكوڕى و پێویستى فه‌رمانگه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان خرایه‌ به‌رباس و چه‌ند پێشنیارێك بۆ باشتر به‌رێوه‌بردنى هه‌ڵمه‌ته‌كه‌و چاره‌سه‌ركردنى كه‌موكوڕییه‌كان  په‌سه‌ند كرا.