ده‌نگى پێكه‌نین و گون کپانكردنه‌وه و پێوه‌دانى نان به ته‌نوور و ساج، له هۆڵى نانه‌واكه ده‌نگی ده‌دایه‌وه، كوبرا محه‌مه‌د، (50 ساڵ) جله‌كانى ئارداوى بوبوو، سه‌رقاڵى شێلانى هه‌ویر بوو، ڕه‌نگى پیرى له ڕووخساریدا ده‌بینرێت، به گێڕانه‌وه‌ى سه‌رگوزشته‌ى ژیانى، ئه‌و ژنانه‌ى هێنابووه پێكه‌نین، كه پێكه‌وه ڕۆژانه له نانه‌واخانه‌كه‌دا كار ده‌كه‌ن.
كوبرا محه‌مه‌د، خاوه‌نى حه‌وت كوڕ و سێ كچه، شه‌ش كوڕى ژنیان هێناوه و كچه‌كانیش شوویان كردووه، ته‌نیا خۆى و هاوسه‌ره‌كه‌ى و كوڕێكى له‌سه‌ر ماڵ ماون، له سه‌ره‌تاى كردنه‌وه‌ى نانه‌واخانه تاقانه‌كه‌ى ژنان له گه‌رمیان، ده‌ستى به كاركردن كردووه، چونكه هاوسه‌ره‌كه‌ى تواناى كاركردنى نه‌ماوه.
كوبرا كارى شێلانى هه‌ویر ده‌كات، وتی: ״ئه‌وه‌ى وه‌رى ده‌گرم به‌شى بژێویمان ده‌كات، ڕۆژانه زیاتر له 10 سه‌عات له نانه‌وام، زۆر ئاسووده‌م به كاره‌كه‌م هه‌رچه‌نده زۆر ماندوو ده‌بم، به‌ڵام دڵخۆشم كه به ماندووبوون و بە هه‌وڵى خۆم بژێویى خۆمان په‌یدا ده‌كه‌م״.
نانه‌واى هه‌ورامان له قه‌زاى كه‌لارى ناوه‌ندى ئیداره‌ى گه‌رمیانه، زیاتر له 7 مانگه له لایه‌ن پیاوێكه‌وه دامه‌زراوه، به‌ڵام لە لایەن ١٠ ژنەوە به‌ڕێوه دەبرێت.
نانه‌واى ژنان له گه‌رمیان له كاتێكدایه، له هه‌رێمى كوردستان كارى نانه‌وایى به پیشه‌ى پیاوان داده‌نرێت و كاركردنى ژنان له نانه‌وادا به ده‌گمه‌ن ڕێى پێ دراوه.
به‌ڵام گرانیى دابینكردنى بژێویی ژیان، له ئێستادا ئافره‌تانى بردووەته ناو كار و پیشه جۆراوجۆره‌كانه‌وه كه به‌شێكیان پێشتر به ته‌نیا پیاوان خاوه‌ندارێتییان ده‌كردن.
ژنه نانه‌واكانى گه‌رمیان، كارى نانه‌وایى به ته‌نیا سه‌رچاوه‌ى بژێوییانه و هه‌ر ئه‌وه‌ش وای كردووه جێگه‌ى ڕه‌زامه‌ندییان بێت.
״له كاره‌كه‌ماندا سه‌ركه‌وتووین، به باشى ئیشه‌كه‌مان له‌به‌ر ده‌ڕوات، ئه‌و داهاته‌ى ده‌ستمان ده‌كه‌وێت ماڵومنداڵى پێ به‌خێو ده‌كه‌ین.״ په‌روین حه‌سه‌نى (35 ساڵ) واى وت.
په‌روین زیاتر له پێنج مانگه له نانه‌واكه‌دا كار ده‌كات، ئیشى پێوه‌دانى هه‌ویره به ته‌نووردا، وتی: ״له وه‌رزى سه‌رمادا ئیشەكه‌ى من باشه، به‌ڵام له وه‌رزى هاویندا زۆر ماندوو ده‌بم، ئه‌گه‌ر ماندوویش نه‌بین و ئیش نه‌كه‌ین ژیانیش ناڕوات، ئه‌وه‌ى گرنگه له‌سه‌ر پێى خۆم وه‌ستاوم و به هێز و تواناى خۆم نان په‌یدا ده‌كه‌م״.
نانه‌واخانه‌ى هه‌ورامان نانى ساجى و ته‌نوورى و نانى جۆ و كولێره‌ى تێدا درووست ده‌كرێن، زۆربه‌ى كڕیاره‌كانى هه‌میشه‌یین، به‌شێك له خواردنگه و سۆپه‌رماركێته‌كانیش پشت به‌م نانه‌وایه ده‌به‌ستن.
دلێر مه‌جید، (40 ساڵ) خاوه‌نى نانه‌واى هه‌ورامان، له لایه‌ن چه‌ند خزمێكییه‌وه بیرۆكه‌ى دانانى نانه‌وایه‌كى تایبه‌ت به ژنانى خراوه‌ته به‌رده‌م، كاره‌كه‌ى به سه‌ركه‌وتوو ده‌زانێت چونكه״هاووڵاتییان گیرۆده‌ى ئه‌و نانه‌ن كه سۆده‌ى تێدایه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نانى ده‌ستى ژنان بازاڕێكى زیاترى هه‌یه به‌راورد به نانى ده‌ستى پیاوان״.
دلێر، وتیشى: ״سه‌ره‌تا له ڕێگه‌ى ڕیكلامه‌وه هه‌لى كارمان ڕاگه‌یاند، به خۆشحاڵییه‌وه كۆمه‌ڵێك ژن ئامادەیی كاركردنیان ده‌ربڕى، ئه‌وانه‌ى هاتوون به ڕه‌زامه‌ندیى خۆیان و كه‌سوكاریان هاتوون، چه‌ندین ژنى تریش هه‌بوون كه زۆر حه‌زیان به كار ده‌كرد، به‌ڵام كه‌سوكاریان ڕێگه‌یان پێ نه‌دان״.
نانه‌واى ژنه‌كان، به‌راورد به نانه‌واى پیاوان بازاڕێكى باشى هه‌یه، هیچ مه‌وادێك له‌ناو نانه‌كه‌یان به‌كار ناهێنن وه‌ك سۆده و خومره، ته‌نیا ئارد و ئاو و خوێیه، ڕۆژانه به لایه‌نى كه‌مه‌وه دوو هه‌زار نان ده‌فرۆشن.
به پێى ئاماری سه‌ندیكاى كرێكاران و پیشه‌وه‌ران، 200 كرێكارى ژن له سنوورى گه‌رمیاندا له كه‌رتى تایبه‌ت كار ده‌كه‌ن، سه‌رۆكى لقى گه‌رمیانى ئه‌و سه‌ندیكایه ئاماژه به‌وه ده‌كات كو‌لتوورى كۆمه‌ڵگه‌ى كوردى به‌ربه‌ستى سه‌ره‌كیى به‌رده‌م ژنانه بۆ چوونه سه‌ر كار له ده‌ره‌وه.
عومه‌ر محه‌مه‌د، سه‌رۆكى لقى گه‌رمیانى یه‌كێتیى سه‌ندیكاى كرێكاران و پیشه‌وه‌رانى كوردستان، ڕاگه‌یاند: زۆر هه‌وڵیان داوه له كه‌رتى تایبه‌ت له سنوورى گه‌رمیان ئافره‌تان ڕوو له كار بكه‌ن، به‌ڵام به‌شێك له شوێنه‌كان پێویستیان به‌وه‌یه به شه‌ووڕۆژ كارى تێدا بكرێت، ژنان ناتوانن به هۆى كو‌لتوورى كورده‌وارییه‌وه به شه‌و كار بكه‌ن.
وتیشى: ״سه‌ره‌ڕاى به‌ربه‌سته‌كان ئاماره‌كانى ئیشكردنى ئافره‌تان له كه‌رتى تایبه‌تدا به‌ره‌و به‌رزبوونه‌وه ده‌چن، ئه‌مه‌شه جێگه‌ى دڵخۆشییه، ئافره‌تان شان به‌شانى پیاوان تواناى كاركردنیان هه‌یه״.
ئاژانس