لەماوەی 10ساڵی رابردوودا چین لەجەنگێكی بازرگانیدا بووە لەگەڵ ئەمریكاو وڵاتانی ئەوروپا، ئەمە لەكاتێكدایە جێگیری وەزیری دەرەوەی چین ئەوە دەخاتەڕوو كە وڵاتەكەی نایەوێت بچێتە جەنگی بازرگانیەوە لەگەڵ هیچ وڵاتێكدا، چونكە چین بڕوای بە سیستمێكی بازرگانی كراوە هەیە كە لەبەرژەوەندی هەمووان بێت، بەتایبەتی لەم قۆناغەی ئێستادا كە ئابووری جیهان بەدۆخێكی ناسەقامگیردا تێدەپەرێتو تائێستا كاریگەریو لێكەوتەكانی قەیرانی دارایی جیهانی تێنەپەراندوە.
ئەمەش وادەخوازێت هەمەهانگی لەنێوان وڵاتان بەرفراوانتر بكرێت بۆ تێپەراندنی قەیرانی ئابووریو دارایی جیهان، لەمەوە حكومەتی پەكین پێی وایە كە لەساییەی جەنگی بازرگانیو سیاسەتی پارێزگاریكردنی بازرگانی كە ئەمریكاو ئەوروپا بەرامبەر وڵاتەكەی دەیگرنەبەر كەس سودمەند نابێتو كەسیش بە خۆشگوزەرانی ژیانی بەسەر نابات، بەتایبەتی لە ئێستادا بەهۆی قەیرانی قەرزە سیادیەكانی ئەورپا، یەكێتی ئەوروپا بەشێوەیەكی بەرچاو پشت دەبەستێت بە پەیوەندییە ئابووریو بازرگانیەكانی لەگەڵ چین.
لە لایەكی ترەوە لە چوارچێوەی ئەو جەنگە بازرگانیە كە لە نێوان ژمارەیەك لە وڵاتانی جیهان لە ئارادایەو هاودژە لەگەڵ یاساو رێساكانی رێكخراوی بازرگانی جیهان،لە ئەمساڵدا حكومەتی مەكسیك چینی بەوە تاوانبار كرد كە پێشێلكاری یاساو رێساكانی ئەو رێكخراوەیە دەكات، ئەمەش لە رێگەی بەخشینی كۆمپانیاكانی وڵاتەكەی لە باجو رسومات كە لە بواری پیشەسازی جڵو بەرگو رستنو چنین كار دەكەن، بەمەش مەكسیك كە كێبركێ لەگەڵ چین دەكات لە بواری جڵو بەرگو پیشەسازی رستنو چنین دەبێتە چوارهەم وڵات كە داوای یاسای دژ چین لە رێكخراوی بازرگانی جیهان تۆمار بكات.
لە مانگی كانوونی دووەمی رابردوودا ئەمریكاو مەكسیكو یەكێتی ئەوروپا داوایەكی یاسایان بەدەست هێنا كە پەیوەندی هەبوو بە هەناردەكانی كەرەستەی خاوی چین.
رێكخراوی بازرگانی جیهان ئاماژە بەوەدەدات كە داواكارییە یاساییەكەی مەكسیك ئەوە روون دەكاتەوە كە حكومەتی پەكین بەشیًَوەیەكی كارا یارمەتیو پاڵپشتی دارایی پێشكەش بە كۆمپانیاكانی وڵاتەكەی دەكات، ئەمەش لە رێگەی بەخشینی كۆمپانیاكانی كە لە بواری پیشەسازی جڵو بەرگو رستنو چینین كار دەكەن لە باجی داهاتو خزمەتگوزاری شارەوانیو دابەزاندنی نرخی زەویو كارەبا لە پاڵ چەند بوارێكی تردا.
لە بەرامبەردا حكومەتی چین تاوانباركردنی لە لایەن ئەمریكاو یەكێتی ئەوروپاو مەكسیك بە پشتگیریكردنی كۆمپانیاكانی وڵاتەكەی رەتدەكاتەوە، لە كاتێكدا چاودێران ئاماژە بەوەدەدەن مەبەستی حكومەتی پەكین لە پاڵپشتی كردنی كۆمپانیاكانی، بەرزكردنەوەی ئاستی گەشەی ئابووری وڵاتەكەیەتی كە بەپێی زانیاریەكانی حكومەتی چین تێكرای گەشەی ئابووری وڵاتەكەی لەسەر بنەمای ساڵانە لە چارەكی سێهەمی ئەمساڵدا گەیشتۆتە لەسەدا %7.4، لەكاتێكدا لەچارەكی دووهەمدا لەسەدا %8.1 بووە، لەچارەكی یەكەمیشدا %8.1 تۆمار كرد، بەمەش ئاستی ئەو گەشەیە لەچارەكی یەكەم نزمترین ئاستە كە لەساڵی 2009 ەوە ئابووری ئەو وڵاتە تۆماری بكات.
لەلایەكی ترەوە، سەرۆك وەزیری چین ئاماژەی بەوەدا كە گەشەی ئابووری وڵاتەكەی بەرەو سەقامگیری هەنگاو دەنێت، بەڵام حكومەتی وڵاتەكەی لە چارەكی كۆتایی ئەمساڵدا رووبەڕووی سەختی دەبێتەوە، لە مەوە چاودێران ئاماژە بەوەدەدەن گەشەی ئابووریو پلانی گەشەپێدانی بازرگانی چین ئەركی زیاتر دەخاتە سەر سەركردایەتی نوێی ئەو وڵاتە كە لەمساڵدا لە كۆنگرەی حزبی شیوعی ئەو وڵاتە هەڵبژێردرانو فەرمانڕەوایی 10 ساڵی داهاتووی ئەو وڵاتەیان لە دەستدا دەبێت، بەتایبەت كە لە ئێستادا ئابووری ئەو وڵاتە بەجۆرێك گەشەی كردووە كێبركێ لەگەڵ ئەمریكادا دەكات، سەرەڕای ئەوەی چین دووەم گەورە هێزی ئابووری جیهانە بۆتە ناوەندێكیش بۆ دروستبوونی كەسانی خاوەن سەرمایەی گەورەو داهاتی زۆر.
گەشەی ئابوری چین لە 35 ساڵی رابردووەوە دەستی پێكردووە، كاتێك دینگ شیاو بینگی سەركردەی دیاری چین بڕیاریدا چینو ئابووریەكەی بەرووی جیهاندا بكرێتەوەو بە سوود وەرگرتنیش لە هەرزانی دەستی كار لە ئێستادا بەرهەمی كارگەكانی ئەو وڵاتە تەواوی بازارەكانی جیهانیان داگیركردووە، ئەمەش بوەتە جێی مەترسی ئەمریكاو یەكێتی ئەوروپا كە بەدەست قەیرانی داراییو قەرزە سیادیەكان دەناڵێننو كورتهێنانی بازرگانیشیان لە زیادبووندایدا، كە بەپێی داتاو زانیاریەكانی وەزارەتی بازرگانی ئەمریكا لەمانگی ئابی رابردوودا كورتهێنانی بازرگانی ئەو وڵاتە بەرزبووە بۆ 44 ملیارو 200 ملیۆن دۆلار، لە كاتێكدایە پسپۆران پێشبینیان دەكرد ئەو كورتهێنانە بگاتە 44 ملیار دۆلار.
بەپێی هەمان زانیاریش هەناردە كاڵایەكانی ئەمریكا بەهۆی بەردەوامی كاریگەری قەیرانی دارایی ئەوروپا بۆ سەر گەشەی ئابووری جیهان، بەرێژەی لەسەدا یەكو هاوردەكانیش بەرێژەی لەسەدا سفر پۆینت یەك پاشەكشەی كرد، ئەمەش ئاماژەیەكە بۆ خاوبوونەوەی خواستی ئەمریكا لەسەر كاڵاكانی بەكاربردنو ئۆتۆمبێل، بۆیە چاودێران ئاماژە بەوەدەدەن كە پێدەچێت جەنگی بازرگانی نێوان ئەمریكاو چینو ئەوروپا بە چەندین شێوە درێژە بكێشێت.