سەڕەرای پڕ كردنی بازاڕ لەكاتژمێریی هەرزان قیمەتی چینی، هێشتا ئەو كاتژمێرانەی گرانبەهاو ماركەن كڕیاری تایبەت بەخۆیان هەیە، نرخی هەندێك لەم كاتژمێرانە لەدوو دەفتەر دۆلار بەرەو ژوورە (24 ملیۆن دینار).
سەرەڕای ئەوەی زۆربەی خەڵكی كوردستان كاتژمێریان لەدەستدایە، كەچی بەوە دەناسرێن كە نرخێكی ئەوتۆ بۆ كات دانانێن، بەمەرجێك لەدنیای ئەمڕۆدا كات بەنرخترین سەرمایەیە لەژیانی مرۆڤدا، لەكوردستان نرخی هەندێك كاتژمێر بەملیۆنەها دینارە، خاوەنی پێشانگای “جیهانی سەعات” دڵشاد عەبدوڵا سەعید بەگۆڤاری بازرگانیو پیشەسازی راگەیاند “ئەو جۆرە كاتژمێرانە زیاتر ماركەی (رۆلێكس)ی سویسرینو زیاتریش بازرگانو دەولەَمەندو خاوەن سەرمایەكان بەدوایدا دەگەڕێنو نرخیان لەنێوان دەفتەر بۆ دوو دەفتەر دۆلارو بەرەو ژوورە”.
ئەو ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە گرنگی كاتژمێری رۆلێكس لەوەدایە ئیشی دەستە، نەخشو نیگارو دیزاینی جوانترە، شوشەكەی زەفیری پێدەڵێنو هیچ جۆرە شوختو بریندار بوونێك ناگرێتە خۆیو پێوەی دیار نییە، هەروەها نەوعیەتی مەكینەكەی هەمووی بەردی ئەڵَماسەو مەكینەكەی لەڕووی زەمەنییەوە بەرگەی 100 ساڵا دەگرێو تێكناچێت.
دڵشاد باسی لەوەش كرد كە كاتژمێری رۆلێكس چەندین شێوەی جیاوازی وەك سی سەمبەرینەو دەیتوینەو میلزاساو دایزایتی هەیەو هەندێكیان كەرەسەو كانزای گرانبەهایان بەڕێژەیەكی زۆر تیا بەكاردێت، بۆ نمونە دەیتونە سەراپا ئاڵتونەو زیاتر لە200 گرام زێڕی تێدا بەكاردێت.
ئەو وتی “بەپێی خواست، خەڵك دێت دەڵی من كاتژمێرێكی سەمبەرینەم دەوێ دوو رەنگ بێو ئاڵتونو ستیلی تیا بەكاربێ، ئەم مۆدیلە نرخەكەی بایی 9300 دۆلارە، كاتژمێر بەهەموو نرخێك هەیە بەپێی خواستو داوای كڕیار، نرخی هەندێك كاتژمێر زۆر لەدوو دەفتەریش زیاترە”.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش كرد كە زۆرترین ئەو كاتژمێرانەی بەشێوەیەكی گشتی ئێستا لەبازاڕی سلێمانیدا دەفرۆشرێن نرخەكانیان لە100 دۆلار تا 200 دۆلاردایە، چونكە نرخەكەیان بۆ خەڵك گونجاوە. ئەو وتی “رۆلێكس بەكۆنیش هەر پارەی خۆی دەكات، لەم رۆژانەدا كابرایەك رۆلێكسێكی كۆنی پێبوو 160 وەرەقەمان دایە نەیفرۆشت”.
ئەم كاتژمێرە گرانبەهایانەی رۆلێكس كە ئەسڵی ماركەن زۆربەیان بازرگان دەیانهێنێت یان هەر دوكاندارێك خۆی دەچێ بۆ دوبەی یان ئەوروپا دەیهێنێت، چونكە كۆمپانیای (لۆنجینس)ی سویسری كە كاتژمێری بەناوبانگی جیهانی رۆلێكس دروستدەكات، تەنها وەكالەت دەدات بەشوێنێكی راقی كۆمەڵێك تایبەتمەندی تیا بێت، بۆ نمونە دەبێت پێشی دوو كانەكەی لە7 مەتر كەمتر نەبێو قوڵایی 10 مەتر بێ، ئنجا سەرەڕای بۆ وەرگرتنی وەكالەت دەبێت پارەیەكی زۆر بدرێت، ئەم ماركەیە لەسلێمانیو كوردستاندا وەكیلی نییە.
خاوەنی “جیهانی سەعات” ئاماژەی بەوە كرد كە هێنانی كاتژمێری عادیو نرخ هەرزانی چینی تا ئەندازەیەكی زۆر كاریگەری لەسەر فرۆشی كاتژمێری ەوان هەبووە، ئەو وتی “ئەو كاتژمێرانە زۆر خراپن، بەهەر چەند بیانكڕی سوودی لێنابینی، تەنانەت هەندێكیان پێستی دەست تووشی حەساسیەت دەكەن، لەبەرئەوەی تەزویرنو بەشی ژێرەوەی كاتژمێرەكە رەش دەبێت”.
دڵشاد كە ماوەی زیاتر لەهەژدە ساڵە كاری سەعات فرۆشی دەكات، ئاماژەی بەوە كرد كە ئێستا خەڵك هەیە لەئەوروپاوە دێتەوە لەسلێمانی كاتژمێر دەكڕێ لەبەرئەوەی نرخەكەی لێرە هەرزانە، زۆرجاریش ئێمە كە كاتژمێری كۆنی رۆلێكس لێرە دەكڕینەوە، دەیبەین بۆ دوبەیو تاران دەیفرۆشینەوە، ئەو وتی “بەپێی زانیاریی من ساڵانە بەبڕی 2 ملیۆن دۆلار كاتژمێر دەهێنرێتە سلێمانییەوە”.