لە داهاتوودا ڤینیسیا و 33 ناوچه‌ی دیكه‌ی ئیتاڵیا ژێر ئاو ده‌كه‌ون


پسپۆڕانی كه‌ش‌وهه‌وا هۆشداری ده‌ده‌ن» به‌هۆی گۆڕانكارییه‌كانی كه‌ش‌و هه‌واوه‌ له‌ ماوه‌ی كه‌متر له‌ 100 ساڵی داهاتوودا ڤینیسیا و 33 ناوچه‌ی دیكه‌ی ئیتاڵیا ژێر ئاو ده‌كه‌ون. 
 
ئه‌و پسپۆڕانه‌ ده‌ڵێن،  له‌دۆخێكدا ئه‌گه‌ر ئاستی ئاوی ده‌ریاكان هه‌روا  به‌رده‌وام بن له‌ به‌رزبوونه‌وه‌، هه‌ریه‌ك له‌ ڤینیسیا و  زۆر شاری دیكه‌ی سه‌ر كه‌ناری ده‌ریای ئه‌دریاتیكیی ڕوبه‌ڕووی له‌ ناوچوون ده‌بنه‌وه‌.
 
به‌پێی  كۆمه‌ڵێك توێژه‌ره‌وه‌ی ئیتاڵی و فه‌ره‌نسیش ده‌ریای سپی ناوه‌راست له‌ ساڵی 2100 دا  به‌رز ده‌بێته‌وه‌ بۆ 5 پێ كه‌ ده‌كاته‌ 140 سانتیمه‌تر.

له‌به‌رامبه‌ریشدا و له‌ 1000 ساڵی ڕابردوودا ئاستی ئاوی ده‌ریاكه‌ ته‌نها یه‌ك پێ واته‌ (30) سانتیمه‌تر به‌رز بووه‌ته‌وه‌.

توێژه‌ره‌وانی په‌یمانگای نیشتمانیی بۆ جیۆفیزیا‌و زانستی گڕكانه‌كان له‌ئیتاڵیا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌ده‌ن كه‌ دیارده‌ی قه‌تیسبوونی گه‌رمای گۆی زه‌وی ڕاڤه‌یه‌كی گونجاوه‌ بۆ خێرا بوونی  ئاستی ئاوی ده‌ریای سپی ناوه‌راست.
 
زاناكان بۆ ئه‌م كاره‌یان سودیان له‌توێژینه‌وه‌ وه‌رگرتووه‌ له‌سه‌ر ئه‌و به‌رده‌ بازنه‌ییانه‌ی ماوه‌ی هه‌زار ساڵه‌  به‌ درێژایی كه‌ناری ده‌ریای سپی ناوه‌راست دانراوه‌، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی له‌ چۆنییه‌تی گۆڕانی ئاستی ڕووی ده‌ریاكه‌ تێبگه‌ن، دوای ئه‌وه‌ش چه‌ند نمونه‌یه‌كیان به‌كار هێناوه‌ بۆ پێشبینی كردنی چۆنییه‌تی به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی ئاوی ده‌ریاكه‌ له‌ ئاینده‌دا.
 
جێگه‌ی بیر هێنانه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و به‌ردانه‌ به‌ر له‌ 4000 ساڵ پێش ئێستا و له‌ چاخی به‌ردیندا  له‌ ئاوه‌كه‌ ده‌رهێنراون بۆ هاڕینی دانه‌وێڵه‌.

توێژه‌ره‌وه‌كان جگه‌ له‌شاری ڤینیسیا ئاماژه‌یان به‌ 33 ناوچه‌ی دیكه‌ش داوه‌ كه‌ پێشبینی ده‌كرێت تا 100 ساڵی دیكه‌ ژێر ئاو بكه‌ون.