لە ناوەڕاستی ساڵی پارەوە تا مانگی ئازاری ئەمساڵ داهاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە رێگای فڕۆشتنی نەوت و داهاتی ناوخۆوە بە رێژەی 20% زیادیكردووە.
سەرچاوەیەك لە حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند “بەهۆی پەیڕەوكردنی سیاسەتی دەستكردن بە چاكسازیی كارگێڕیی و دارایی بە هەمانگی لەگەڵ بانكی نێودەوڵەتی و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و پێداچوونەوە بە سیستەمی باج و گومرگ، لە ئێستادا خەرجییەكانی حكومەت بە رێژەی لە 68% كەمیكردووەو داهاتی هەرێمی كوردستانیش بە رێژەی 20 % بەرزبۆتەوە”.
سەرچاوەكە، كە نەیویست ناوی ئاشكرابكرێت، ئاماژەشی بەوەكرد، ئەگەر نرخی نەوت بەزربوونەوەیەكی تر بەخۆیەوە ببینێ هەرێمی كوردستان جگە لە دانەوەی قەرزو دابینكردنی خەرجییەكانی دەتوانێت مانگانە بە رێژەی لە 60% بۆ 70% موچەی فەرمانبەران دابینبكات.
سەرچاوەكەی حكومەت، ئەوەشی خستەڕوو، داهاتی هەرێمی كوردستان تەنها لە رێگای نەوتەوە نزیكدەبێتەوە لە 750 ملیۆن دۆلارو جگە لەو داهاتەی لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان دەستدەكەوێت، كە مانگانە بە 130 ملیار دینار دەخەمڵێندرێت.
سەرچاوەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان روونیشیكردەوە، لە ناوەڕاستی ساڵی 2016وە ئابووری هەرێمی كوردستان لە داڕووخان رزگاری بووە، كێرڤی ئابوورییەكەی بەرەو سەرەوەیە.