سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی دهۆك ڕایدەگەیەنێت: بەمەبەستی بەرزكردنەوەی رێژەی ئاڵوگۆڕی بارزگانی، پیشەسازی، گەشتیاری و كەرتەكانی دیكەی گشتی، لە بەرنامەی توركیا و هەرێمی كوردستاندایە، سێ دەروازەی دیكەی سنووری لە سنووری پارێزگای دهۆك بكەنەوە.
ئەیاد حەسەن عەبدولكەریم سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی دهۆك بەئ ئاژانسی ئەنادۆڵی ڕاگەیاند:” بە هۆی شەڕی تیرۆریستانی داعش و بڕێنی بوودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغدا لە هەمان كاتیشدا دابەزینی نرخی نەوت، زیانی زۆری بە ئابووری هەرێمی كوردستان گەیاند و رێژەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و پیشەسازی نێوان توركیا و هەرێمی كوردستان بۆ لە 70% كەمكردەوە بەمەش لە ئێستادا بڕی خەملێندراوی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان توركیا و هەرێمی كوردستان بۆ هەر ساڵێك كەمترە لە شەش ملیار دۆلار”.
هەروەها وتیشی:” بە بەرزكردنەوەی رێژەی ئاڵوگۆڕی بارزگانی، پیشەسازی، گەشتیاری و كەرتەكانی دیكەی گشتی و تایبەت لە بەرنامەی توركیا و هەرێمی كوردستاندایە جگە لە هەردوو دەروازەی سنووری ئیبراهیم خەلیل و دەروازەی سەرزێڕ، سێ دەروازەی دیكەی سنووری لە سنووری پارێزگای دهۆك بكەنەوە بەمەش هەم رێژەی بازرگانی نێوان هەردوولا بەرز دەكاتەوە و هەمیش پەیوەندییە ئابورییەكانی نێوان هەردوولا بەهێزتر دەبێت، یەكێك لە دەروازەكان بەناوی شیناڤا و یەكێكی دیكەیش پردێك دەبێت كە لە نزیك دەروازەی سنووری ئیبراهیم خەلیل دروست دەكرێت و دەروازەی سێیەمیش تا ئێستا ناوەكەی بەتەواوی یەكلایی نەبووەتەوە، كۆبوونەوەكانیش بەردەوامن و لێكتێگەیشتنێكی باشیش لە نێوان هەردوولا هەیە لەسەر ئەو پرسە”.