بۆچی پاسپۆرتەکان تەنها لە چوار ڕەنگ پێکدێن؟

 

لە جیهاندا تەنها چوار رەنگی سەرەكی پاسپۆرت هەن و هەموو وڵاتێك بۆ هەڵبژاردنی ڕەنگی بەرگی پاسپۆرتەكەی هۆكاری خۆی هەیە

 

ڕەنگی سوور

ئەم ڕەنگە زۆرباوە. ئەو پاسپۆرتانەی ڕەنگیان سوورە زۆرجار لەلایەن ئەو وڵاتانەوە هەڵدەبژێردرێن كە مێژوویەكیان هەیە یان ئێستا سیستمی كۆمۆنیستی تێدا پەیڕەودەكرێت.  هاوڵاتیانی سلۆڤینیا، چین، ڕوسیا، لاتیڤیا، ڕۆمانیا، پۆڵەندا و جۆرجیا پاسپۆرتی سووریان هەیە. هەروەها وڵاتانی ئەندامی یەكێتی ئەوروپا، بێجگە لە  كرواتیا، ڕەنگی سووری شەرابی یان چەند پلەیەكی جیاوازی سوور بۆ پاسپۆرتەكانیان بەكاردەهێنن.
 





ڕەنگی شین

دووەمین ڕەنگی باوی پاسپۆرتە. بەرگی پاسپۆرتی ڕەنگ شین هێمایە بۆ جیهانی نوێ. 15 وڵاتی كاریبی ڕەنگی پاسپۆرتەكانیان شینە. لە بلۆكی وڵاتانی ئەمریكای باشووردا ڕەنگی شینی پاسپۆرتەكان هێمایە بۆ ئەندامبوون لە مێركۆسۆر- كە یەكێتییەكی بازرگانییە.  ئەمەش بەرازیل و ئەرجەنتین و پاراگوای دەگرێتەوە. 



فەنزوێڵا بەدەرە لەمە: هەرچەندە ئەندامە لە مێركۆسۆر، بەڵام هاوڵاتییەكانی پاسپۆرتی سووریان هەیە. لەساڵی 1976دا ڕەنگی پاسپۆرتی هاوڵاتیانی ئەمریكا گۆڕدرا بۆ شین. 





ڕەنگی سەوز

زۆربەی وڵاتە موسوڵمانەكان پاسپۆرتی ڕەنگ سەوزیان هەیە. بۆ نموونە مەغریب، سعودیە و پاكستان. ڕەنگی سەوز بە ڕەنگی دڵخوازی پێغەمبەر محمەد (درودی خوای لێ بێت) لەقەڵەمدەدرێت و هەروەها ئاماژەیە بۆ سروشت و ژیان. هاوڵاتیانی چەندین وڵاتی ئەفریكی- بۆ نموونە بوركینا فاسۆ، نەیجیریا، نەیجەر، ساحل ئەلعاج، و سەنیگال، هەروەها ڕەنگی پاسپۆرتەكانیان سەوزە، بەڵام ئاستی تۆخی و كاڵیان جیاوازە. لە حاڵەتی ئەواندا ڕەنگەكە ئاماژەیەكە بەوەی ئەوان سەربە رێكخراوی (كۆمەڵەی ئابووری دەوڵەتانی رۆژئاوای ئەفریكا- ECOWAS) ن. 





 ڕەنگی رەش 

دەگمەنترین ڕەنگی پاسپۆرت ئەو پاسپۆرتانەن كە ڕەنگی بەرگەكەیان ڕەشە. ئەم ڕەنگە لەنێوان هاوڵاتیانی هەندێك وڵاتانی ئەفریكیدا دەبینرێت، وەكو بۆتسوانا، زامبیا، بۆرۆندی، گابۆنن ئەنگۆلا، چاد، مالاوی و چەند وڵاتێكی دیكە. هاوڵاتیانی نیوزلەندا هەروەها بەرگی پاسپۆرتەكانیان ڕەشە، چونكە ڕەش ڕەنگی ئاڵای نیشتیمانی وڵاتەكانیانە.