سعودیه‌ لە قەرزەکانی عێراق خۆش دەبێت

له‌ نوێترین هه‌نگاودا به‌مه‌به‌ستی‌ ئاسایی كردنه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندییه‌كان، سعودیه‌ ده‌یه‌وێت عێراق له‌ قه‌رزه‌كانی‌ ببه‌خشێت. 

له‌ په‌راوێزی‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ هاوپه‌یمانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ دژ به‌ داعش له‌ واشنتۆن، عادل جوبێر وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ سعودیه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌كه‌ له‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق ‌و ئیبراهیم جه‌عفه‌ری‌ وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ عێراق كۆبوه‌وه‌.

به‌پێی‌ هه‌واڵێك كه‌ سایتی‌ وه‌زارەتی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ عێراق بڵاوی كردوه‌ته‌وه‌، عادل جوبه‌یر رایگەیاندوە: سه‌ردانی‌ وه‌فدی‌ عێراق به‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ بریكاری‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ ریاز زۆر باش بوه‌ بۆ كاراكردنی‌ هه‌ماهه‌نگی‌ نێوان هه‌ردو وڵات.

هه‌ر له‌و دیداره‌دا، عادل جوبه‌یر به‌ ئیبراهیم جه‌عفه‌ری‌ وتوه‌: سعودیه‌ به‌نیازه‌ عێراق ببه‌خشێت له‌و قه‌رزانه‌ی‌ كه‌ له‌سه‌ریه‌تی‌، بەڵام قه‌باره‌ی‌ قه‌رزه‌كانی‌ ئاشكرا نه‌كردوه‌.

هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی‌ په‌ره‌پێدانی‌ په‌یوه‌ندییه‌كاندا، وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ سعودیه‌ باسی له‌وه‌ كردوه‌، وڵاته‌كه‌ی‌ به‌نیازه‌ هێڵی‌ فڕۆكه‌وانی‌ نێوان ریاز و به‌غدا و نه‌جه‌ف بكاته‌وه‌.

له‌به‌رامبه‌ردا وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ عێراق ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كردوه‌، عێراق هێشتا پێویستی‌ به‌ یارمه‌تی‌ دارایی و كۆمه‌كی‌ مرۆیی و بنیاتنانه‌وه‌ی‌ ئه‌و ناوچانه‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌ده‌ستی‌ داعش رزگاركراون.  

له‌ماوه‌ی‌ رابردودا په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ عێراق و سعودیه‌ به‌ قۆناغێكی‌ ئاڵۆزدا تێپه‌ڕین، به‌مدواییه‌ عێراق ناڕه‌زایه‌تی‌ نیشاندا له‌ لێدوانێكی‌ باڵیۆزی‌ سعودیه‌ له‌ به‌غدا سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستوه‌ردانی‌ ئێران له‌ كاروباری‌ عێراق، به‌و هۆیه‌وه‌ سعودیه‌ باڵیۆزه‌كه‌ی‌ خۆی‌ لەبەغدا گۆڕی‌.