مانگی رابردوو ھاووڵاتیانی عێراق ٢٨٢ یەکەی نیشتەجێ بوونیان لە تورکیا کڕیوە

 
دەستەی ئاماری تورکیا راپۆرتێکی تایبەت بە فرۆشتنی یەکەی نیشتەجێ بوون لە مانگی شوباتی رابردوو بڵاوکردەوە و تیایدا ئەوە خراوەتە روو کە لەو مانگەدا لە تورکیا ١٠١ ھەزار و ٤٦٨ نشینگە فرشراوە.

لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە فرۆشتنی یەکەی نیشتەجێ بوون بەراورد بە مانگی پێشووتر لەسەدا ٦.٤ زیادیکردووە.

لە راپۆرتەکەی دەستەی ئاماری تورکیا ئەوەش خراوەتە روو کە فرۆشتنی یەکەی نیشتەجێ بوون بە هاووڵاتیانی بیانیی لە تورکیا بەرێژەی سەدا ١٧.٦ دابەزیووە و گەیشتووەتە ھەزار ٣٠٦ یەکەی نیشتەجێ بوون.

شاری ئیستانبوڵ بە پلەی یەکەم دێت لە فرۆشتنی ٤٥٨ نیشتەجێ بوون بە بیانییەکان. پاشان ئەنتاڵیا بە ٢٧٩، بورسا ١١٩، یەلۆڤا ٦٣، ئەنقەرە ٥٩ و ترابزۆن بە ٤٤ نیشتەجێ بوون لە ریزبەندی ئەو لیستەدان کە لە راپۆرتەکەی دەستەی ئاماری تورکیا بڵاوکراوەتەوە.

مانگی رابردوو ھاووڵاتیانی عێراق ٢٨٢ یەکەی نیشتەجێ بوونیان لە تورکیا کڕیوە. پاشانیش ھاووڵاتیانی سعوودیە بە کڕینی ١٤٣ ، کوێت ١١٤ ، ئەفغانستان ٨١ و رووسیا بە ٧٧ یەکەی نیشتەجێ بوون لە ریزبەندی لیستەکەدان.