سلێمانی: زەوی پرۆژەكان لە وەبەرهێنەران وەردەگیرێتەوە


شارەوانی سلێمانی سەرجەم ئەو زەویانە لە وەبەرهێنەران وەردەگرێتەوە كە بۆ جێبەجێكردنی پرۆژە پێیان دراوەو پاش تێپەربوونی ماوەی یاساییان هیچ پرۆژەیەكیان تێدا جێبەجێ‌ نەكردوە. 

لەوبارەیەشەوە فەرمان غەریب بەرێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی رایگەیاند: ئەو زەویانەی كە درابوون بە وەبەرهێنەران بۆ ئەنجامدامی پرۆژە جۆراو جۆرەكانیان پاش تەواوبوونی كاتی یاساییان بە هەماهەنگی بەرێوەبەرایەتی شارەوانی كە خاوەنی زەوییەكانە دەست بەوەرگرتنەوەیان كراوە.

وتیشی: بەهۆی قەیرانی دارایی و راگرتنی پێدانی پێشینە داراییەكان بە وەبەرهێنەران زۆرێك لە پرۆژەكان راگیراون و بەشێكیشیان وادەی یاسایی جێبەجێكردنیان تەواوبووەو تائێستا كاریان تێدا نەكراوە.

ئاماژەی بەوەشكرد تائێستا لە سلێمانی (12) پارچە زەوی لە وەبەرهێنەران وەرگریراونەتەوە كەدەكەونە ناوچەی (قولەرەیس)ی و حاڵەتی لەوشێوەیەش لە رانیەو قەڵادزێ‌ و كفری بوونی هەیە.