سەرما و سۆڵەی بەهارە زیان بە بەروبوومی باخەکانی هەورامان و هەڵەبجە دەگەیەنێت


بەھۆی ئەو شەپۆلە باران بارینەی لە رۆژانی نەورۆز و سەرەتای وەرزی بەھاردا ناوچەکەی گرتووەتەوە، شەپۆلێکی تری سەرما و سۆڵە رووی لە ناوچە ھەورامان کردووە و وەک بەشێک لەھاوڵاتیانی ناوچەکە دەڵێن سەرەتای وەرزی بەھار، زستان گەڕاوەتەوە، ئەوەش مەترسی لەسەر بەروبوومی بەشێک لەباخەکانی ناوچەکە دروست کردووە.

مستەفا حەسەن ھاووڵاتیەکی بەتەمەنی ناوچەکەیە و وەک خۆی دەڵێت: “لەراستیدا بەفر لەزستاندا دەبارێت، بەڵام ئەگەر بەفر لەبەھاردا باری کاریگەری دەبێت لەسەر گوڵی گوێز و ھەندێک لەمیوەجاتی وەکو قەیسی، ھەنار، ھەڵوژە، بادەم و چوالە، چونکە بەو زوقمەی بەھۆی بەفرەکەوە دروست دەبێت گوڵەکەی زیانی پێدەگات و لەناو دەچێت”.

وتیشی: “بەبیرەوەری ئێمە زۆر بەکەمی لەم وەرزەدا بەفر دەبارێت، لەم وەرزەدا تەنها لەسەر لووتکەی چیاکان و ناوچە بەرزەکان و کوێستانەکان بەفر باریوە، لەناوچەی نیشتەجێ بوونەکان نەباریووە”

لای خۆیەوە بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی ھەڵەبجە بەوەکالەت، ستار مەحمود سالح ڕایگەیاند: “لەراستیدا دابەزینی پلەکانی گەرما لەوەرزی زستاندا پێویستیەکی زۆر گرنگە بۆدار و درەخت و لەو ماوەیەی پێی دەگوترێت ماوەی مت بوون، وەک چۆن لەزستان و لەماوەی مت بووندا ئەو دابەزینی پلەیەی گەرما گرنگە، لەوەرزی بەھار و وردە وردە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و چرۆکردنی درەخت، دابەزینی پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی کتوپڕ، دەبێتە ھۆی زیانگەیاندن بەو دار و درەختانە و رەنگە ببێتە ھۆی ئەوەی بەرھەمی ئەو ساڵەیان لەدەست بدەن”.

دەربارەی بارینی بەفریش لەم وەرزەدا بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی ھەڵەبجە وتی: “ئەم جۆرە رووداوانە واتە بارینی بەفر لەم وەرزەدا حاڵەتی دەگمەنە، چونکە وەرزەکان دابەش بوون و ئێمە چوار وەرزی تەواومان ھەیە کە ھەر وەرزەی گۆڕانکاری کەشوھەوا بەجۆرێکە کە دار و درەخت خۆیی لەگەڵ راھێناوە، بەھۆی دابەزینی پلەکانی گەرماوە سێ ساڵ لەمەوبەریش رووداوێکی ھاوشێوە روویدا کەبووە ھۆی ئەوەی زەرەر و زیانێکی زۆر بەدار و درەختی ئەم ناوچەیە بگەیەنێت، بەڵام خۆشبەخاتە لەو ساڵە بەدوا وەرزەکان ئاسایی بوونەتەوە و ئومێدەوارین ئەم شەپۆلەی ئەمجارە و ئەم بەفرەی ئەمساڵ زەر و زیانی گەورە بە دار و درەختەکانی ناوچەکەمان نەگەیەنێت”.

لەسنووری پارێزگای ھەڵەبجە نزیکەی ١٢ ھەزار دۆنم باخی جۆراوجۆر ھەیە کە بەشی زۆری ئەو باخانە باخی ھەنارن، ئەوەی زۆرتر لەناوچەی ھەورامان ھەیە باخی گوێزە و لەو باخانەدا نزیکەی ٨٥ ھەزار بنە داری گوێز ھەیە.