ئەندامێکی ژوور نوێنەرایەتی شاندێکی بازرگانی کوردستان دەکات لەوڵاتی چیک

 
بەسەرپەرشتی نوێنەری ژوور شاندێکی بازرگانی کوردستان بەشداری پێشانگایەکی تایبەت بەکارەبا لەوڵاتی چیک دەکەن.
 

بەختیار مەحمود مەلا ئەمین ئەندامی ئەنجومەنی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لەووڵاتی چیک بە سایتی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕاگەیاند “ئەمڕۆ ٢٢ / ٣، بەشداریمان کرد لە کونفرانسێکی تایبەت لە شاری برنه  له‌ولاتی چیک کە تیایدا وەک نوێنەری یەکێتی ژوورە بازرگانیەکانی کوردستان وتارێکم پێشکەش کرد کە تیایدا تیشکم خستەسەر ڕەوشی ئێستای ھەرێمی کوردستان و عێراق، باسی قەیرانی ئابوری ھەرێمی کوردستانم کرد کە لەئێستادا ھەموو ھەوڵەکانی حکومەت بۆ باش کردنی ڕەوشی ئابوری کوردستانە و باسمان لە کاری بازرگانی کرد کە شاری سلێمانی کە بەردەوام توانیویەتی لەگەڵ تەواوی وڵاتانی جیھان کاری بازرگانی گەشە پێبدەن و لەڕوی پیشەسازیەوە سلێمانی یەکەمە لەسەر ئاستی عێراقدا کە توانیویەتی چەندین کارگەی پێشکەوتوو دابمەزرێنن و رکابەری بەرھەمە دەرەکیەکان بکەن و پشت بەتوانای ناوخۆیی ببەسترێت”


ڕاشیگەیاند “شاندەکەی کوردستان بەشداری کرد لە پیشانگایەکی تایبەت به کارەباو ئەلکترونی کەتیایدا چەندین پێشکەوتنی تازەو ئامێری نوێگەری لە کەرتی کارەبادا نمایشکرابوو کە دەکرا حکومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگی بەم جۆرە پێشانگایانە بدات  چەندین کۆمپانیای گرنگی گەورەی جیھانی لە کارەبا و ئەلکترۆنیدا بەشداریان تێدا کردبوو، بەڵام به داخەوه که نوینەری فه‌رمانگاکانی حکومه تی هەرێم لەچوارچێوەی شاندەکەی هەرێمدا نەبو، لەکاتێکدا لەپێشانگاکهدا نوێترین داهینان لەبواری کارەباو ئەلکترونیدا نمایش کرابو”.

ئەندامەکەی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی کە نوێنەرایەتی ژوورە بازرگانیەکانی سلێمانی و ھەولێرو دھۆک دەکات ئەوەشی ڕونکردەوە نمایشکردنی کارێکی ڤیدێۆی کە بەرھەمی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانیە لەسەر شاری سلێمانی سەرنجی تەواوی ئامادەبوان و کۆمپانیا گەورەکانی ووڵاتی چیکی بەلای خۆیدا ڕاکێشا کە شاری سلێمانی چەند پێشکەوتووە لەسەرجەم بوارەکاندا.