نرخی كارەبا تەنها لەسەر فەرمانگە حكومیەكان‌و ناوچە پیشەسازی‌و بازرگانیەكان زیاد دەكرێت


(محەمەد ئەمین هەورامی) وتەبێژی وەزارەتی كارەبای هەرێم ڕوونكردنەوەیەك لەسەر زیادكردنی نرخی كارەبای نیشتمانی دەدات‌و دەڵێت، نرخی كارەبا لەسەر هاوڵاتیان زیاد ناكرێت، بەڵام لەسەر فەرمانگە حكومیەكان‌و ناوچە پیشەسازی‌و بازرگانیەكان زیاد دەكرێت.

هەورامی لە لێدوانێكدا بۆ (ئێس ئێن ئێن) رایگەیاندوە، هیچ بڕیارێكمان نییە كە نرخی كارەبا لەسەر هاوڵاتیان زیاد بكەین، بەڵام لەسەرەتای ئەمساڵەوە نرخمان لەسەر فەرمانگە حكومیەكان‌و ناوچە پیشەسازیەكان زیادكردووە، ئامانج لە زیادكردنی نرخی كارەبا بۆ فەرمانگە حكومیەكانیش، كەمكردنەوەی بەكارهێنانی كارەبایە، چونكە هەندێك لەو فەرمانگانە زیاد لە پێویست كارەبا بەكاردەهێنن، بۆ ئەوەی قەرزیان بكەوێتەسەر‌و سنوریان بۆ دابنرێت، بۆ هەر كیلۆواتێك كارەبا زیاتر لە 100 دیناریان لێوەردەگیرێت.

لەبارە ناوچە بازرگانی‌و پیشەسازیەكانیش، وتەبێژی وەزارەتی كارەبای هەرێم وتی، پێشتر هۆتێل‌و چێشتخانە‌و ناوچە بازرگانیەكان 90 دیناریان لێوەردەگیرا بۆ هەر كیلۆ واتێك، بەڵام ئێستا 120 دینارە.

سەبارەت بەنرخی كارەبای هاوڵاتیانیش ئاماژەی بە چەند قۆناغێكی زیادكردنی كارەبا كرد‌و ڕوونیكردەوە، بۆ هاوڵاتیەك كە ژمارەیەك ئامێری كارەبایی كەمی هەیە، لەبەرامبەر كیلۆواتێك 15 دیناری لێ وەردەگیرێت، بەڵام ئەو كەسانەی كە خاوەن سەرمایەن‌و چەندین سپلیت‌و ئامێری كارەباییان هەیە، نرخی كیلۆواتێك كارەبا گرانترە‌و بەشێكیان دەگاتە سەرووی 100 دیناریش.