لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتی سلێمانی لە یەكەم رۆژی جەژنی نەورۆزدا، دەستیان بەسەر بڕێكی زۆر گۆشتی سووردا گرت، كە بەدەر لە مەرجو رێنماییەكان لەسەر شەقامەكان دەفرۆشرێن.
(گۆران قادر) سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، لە درێژەی ئەو هەڵمەتەی كە دەستیان پێكردوە بۆ رێگریكردن لە فرۆشتنی گۆشت لەسەر شەقامو رێگە سەرەكیەكان، لەچەند دەروازەیەكی شاری سلێمانی، دەستیان بەسەر بڕێكی زۆر گۆشتدا گرت، كە بەدەر لە مەرجو رێنماییەكان دەفرۆشرێن.
راشیگەیاند، ئەو گۆشتەی لەسەر شەقامو رێگە سەرەكیەكان دەفرۆشرێت، لەڕووی تەندروستیەوە گونجاو نییە بۆ خواردن، جگە لەوەش بوەتەهۆی پیسكردنی ژینگەو سروشتی شوێنە گەشتیاریەكان.
سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتی سلێمانی، داواشی لە هاوڵاتیانو ئەو گەشتیارانە كرد كە ڕوو دەكەنە سەیرانگاكان، خۆیان بەدوور بگرن لە كڕینی گۆشتی سەر شەقامەكان.