لێکۆڵینەوە لەگەڵ ٢١ کۆمپانیای بەرھەمھێنانی گۆشت لە وڵاتی بەڕازیل دەستیپێکردووە بەھۆی دەستکاریکردنی بەرواری بەسەرچوونی ئەو گۆشتانە و تێکەڵکردنیان بە ئاو و ماددەی کیمیایی.
پۆلیسی فیدرالی بەڕازیل، رایگەیاند کە نزیکەی ٣٠ کۆمپانیای بەرھەمھێنانی گۆشت دەستکاری کاتی بەسەرچوونی بەرھەمەکانیان کردووە.
پۆلیسی ئەو وڵاتە رایگەیاند کە ئەم کۆمپانیایانە بە مەبەستی شاردنەوەی بۆن و رەنگی گۆشتی بەسەرچوو، ماددەی ئاسکۆربیک ئەسید-یان بەکارھێناوە. راشیگەیاند کە بە مەبەستی زیادکردنی کێش ئاو خستراوەتە نێو گۆشتەکان.
ھاوکات پۆلیس راشیگەیاند کە بەرتیل دراوەتە سەرپەرشتیارانی وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ ئەوەی ئەو گۆشتانەی کە لە مارکێتەکانن لێکۆڵینەوەیان لەسەر نەکرێت. ئاماژە بەوەش کرا کە ئەو پارەیەی وەک بەرتیلدراوە کەوتووەتە دەستی سیاسەتمەدارانیش.
لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکانی پۆلیسی بەڕازیل بۆ سەر ئەو کۆمپانیایانە ٣٦ کەس دەستگیر کراوان و نزیکەی یەک ملیار ریالی بەڕازیلی تایبەت بە ٤٦ کەس کە لەژێر لێکۆڵینەوە دان، بلۆک کراوە.
لە دوای دەستپێکردنی ئەو ئۆپەراسیۆنە، یەکێتی ئەورووپا بەمەبەستی بەردەوامبوونی ھاوردەی گۆشت، داوای روونکردنەوە لە بەڕازیل کردووە بەوەی کە ئایا ئەم گۆشتانە ھەناردەی ئەورووپا کراون یان نا.
ھاوکات وڵاتانی ئەمریکا، چین، سعوودیە و مالیزیا کە لە بەڕازیلەوە گۆشت ھاوردەی وڵاتەکەنیان دەکەن داوای روونکردنەوەیان لەو وڵاتە کرد.