دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم رایگەیاند، بۆ نەورۆزی ئەمساڵ چاوەڕێی هاتنی ژمارەیەكی زۆر گەشتیارن و پێشبینیش دەكەن زیاتر لە 150 هەزار گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتیارییەكانی هەرێم بكەن.
(نادر رۆستی) وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان رایگەیاند، كۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكانی سەر بە دەستەی گەشتوگوزار لەشاروشارۆچكەكانی هەرێم كردوە، لەسەر ئامادەكارییەكان بۆ نەورۆزو وەرزی بەهار، ئەویش بەدووو شێوەیە، یەكێكیان بۆ سەیرانگاو ناوچە گەشتیارییەكان كە هاوڵاتیانی هەرێم رووی تێدەكەن بۆ دابینكردنی خزمەتگوزاری لەهەندێك شوێن، ئەوی دیكەشیان لەگەڵ كۆمپانیاكانی بواری گەشتیاریدا كە لەناوچەكانی ناوەڕاست و باشوری عیراقەوە كۆبوونەوە كراوە.
سەبارەت بە پێشبینییەكانیان بۆ هاتنی گەشتیاران لەنەورۆزی ئەمساڵدا، وتی، چاوەڕوان دەكەین ژمارەی ئەو گەشتیارانەی بەر لەنەوۆرز دێنە هەرێم بە بەراورد بەساڵی رابردوو كە ژمارەیان 110 هەزار گەشتیار بووە، بۆ ئەمساڵ لەنێوان 150 تا 200 هەزار گەشتیار بێت، ئەوەش بەهۆی سەقامگیری بارودۆخی ئەمنی هەرێم و سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەو ئەوەش دەبێتە هۆكارێك بۆ بوژاندنەوەی كەرتی گەشتیاری لەهەرێمی كوردستان.
وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم راشیگەیاند، لەڕووی پێشوازیكردنی گەشتیارانیشەوە وەك دەستەكەیان كێشەی ئەوتۆیان نیەو هۆتێل و مۆتێل و شوێنە گەشتیارییەكان ئامادەكراون، ئەوەش بەپێی رێكەوتنی ئەو كۆمپانیایانەی گەشتیارانەی بەگروپ گەشتیار دێنن.