کارگەی ئامادەکردنی برنج لەسلێمانی کرایەوە

کارگەیەکی تایبەتی ئامادەکردنی برنج لەشاری سلێمانی کرایەوە کە دەتوانێت لە ڕۆژێکدا ١٠٠ تۆن برنج ئامادەبکات.
 
لەڕیوڕەسـمێکدا بەئامادەبونی وەزیری کشتوکاڵی و سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و ژمارەیەک لەبەڕێوەبەرانی فەرمانگەکان و خاوەن کەرتی تایبەت لەناوچەی تانجەرۆی شاری سلیمانی کارگەی برنجی ئاڵدان کرایەوە.
 
عەبدول ستار مەجید وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان لەوتەیەکدا ڕایگەیاند” دروستکردنی کارگە بۆ پیشەسازی خۆراک و کشتوکاڵ گرنگە چونکە کشتوکاڵی کوردستان پێی ناوەتە قۆناغێک کە پێویستی بەساغکردنەوەی بەرهەمەکانێتی بەتایبەت کە لەئێستادا بەرهەمی ناوخۆ زیادی کردووە وە دڵنیاشین ئەمساڵ بەرهەمی ناوخۆ زیاتر دەبێت”
 
ڕاشی گەیاند” پێویستە هەوڵ بدرێت بەرهەمەکان لەدەرەوی کوردستان ساغبکرێتەوە لەڕێگەی کەرتی تایبەت و بازرگانانەوە وە دەبێت هەوڵ بدرێت بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆی و کەمتر پشت بەبەرهەمی دەرەکی ببەسرێت، دانانی ئەم کارگەیە هەنگاوێکی باشە تابتواندرێت بەرهەمی ناوخۆی بپارێزێت”
 
وەزیری کشتوکاڵ ئاماژەی بەوەشدا” کارگەیەکی لەم شێوەیە زۆر گرنگە چونکە لەکوردستاندا جوتیاران چەڵتوک دەکەن پێویستە ئەوچەڵتوکە لەجوتیاران وەربگیرێت تا دڵنیابن لەوەی کە بەرهەمەکانیان ساغ دەێتەوە”
 
لای خۆشیەوە  محەمەد جەبار بەڕێوەبەری پیشەسازی و گەشەپێدانی سلیمانی ڕیگەیاند” کەرتی پیشەسازی تایبەت لە هەرێمی کوردستاندا پێشکەوتنی باشی بەدەوست هێناوە ، لەهەرێمی کوردستاندا لەپیشەسازی خۆراکیدا کەمیمان هەیە ماوەی دوساڵێکە کەرتی تایبەت ڕویان کردۆتە ئەو پیشەسازیەش”
 
ڕاشی گەیاند” ئەم کارگەی برنجە دەرفەتی کارکردن دەڕخسێنێت وە ئاسایشی خۆراک دەپارێزێت چونکە دیارە کە ئەو بەرهەمی برنجە چەڵتوکەو دێتە کوردستانەوە و مادەی کیمیای زۆر لەگەڵ نییە وە جوتیاران لەمەودوا گرنگی زیاتر بە بەرهەمی چەڵتوک دەدەن چونکە دەزانن کارگەیەک هەیەو لێیان وەردەگیرێت”
 
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلیمانی سیروان محەمەد ڕیگەیاند” ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلیمانی پشتیوانی تەواو لەبەرهەمی ناوخۆی دەکات و دانانی کارگەیەکی لەم جۆرە بۆ ئابوری کوردستان و کەرتی کشتوکاڵی زۆر گرنگە کە ئەمە دەرفەتی زیاتر و باشتر دەڕەخسێنێت بۆ کاری زیاتر”
 
کارگەی برنجی ئاڵدان دەکەوێتە ناوچەی تانجەرۆی شاری سلێمانی هاوردەکردنی چەڵتوکەکەی لە وڵاتی ڕوسیاوەیە کارگەکە بەبڕی یەک ملیۆن دۆلار دروستکراوە لەڕۆژێکدا توانای پاککردنی ١٠٠ تۆن چەڵتوکی هەیە.