دواى زیاتر له (پێنج) ساڵ كاركردنى ژماره‌یه‌ك كۆمپانیاى پشكنینى دڵنیایی ناسراو (coc) له خاڵه سنوورییه نێوده‌وڵه‌تى و فه‌رمییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، دواجار به بڕیارێكى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى گشتیى گومرگى سه‌ر به‌وه‌زاره‌تى دارایی و ئابووریى حكوومه‌تى هه‌رێم، كاركردنى ئه‌و كۆمپانیانه راگیرا و ئێستا ئه‌و كاره دراوه‌ته به‌ش و هۆبه جیاوازه‌كان.
ئه‌زوه‌ر مه‌حمود، سه‌رپه‌رشتیارى مه‌رزى نێوده‌وڵه‌تیى باشماخ راگه‌یاند: “ئێمه لاریمان نییه له هه‌بوونی كۆمپانیای كارامه و پسپۆڕ له مه‌رزه‌كه‌ماندا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌و كۆمپانیایانه له ماوه‌ی پێنج ساڵی رابردوودا كردوویانه، بێجگه له‌وه‌ی بوونه‌ته هۆی كه‌مكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی ئاڵوگۆڕی بازرگانی له‌نێوان هه‌رێم و ئێران‌دا، هه‌روه‌ها له (٧٥%)ی ئه‌و داهاتانه‌ی ده‌ستیان ده‌كه‌وت بۆ خۆیان هه‌ڵده‌گرت و ته‌نیا له (25%) بۆ حكوومه‌ت بوو، له‌كاتێكدا ئه‌و (25%)ە ده‌خرایه سه‌ر حسابێكی بانكی له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم، كه‌سیش نه‌یده‌زانی له چ وڵاتێك و له چ بانكێكدایه”.
وتیشى: “له كۆتایی مانگى شوباتى رابردووه‌وه، به بڕیارێكى نوێى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى گشتیى گومرگ له وه‌زاره‌تى دارایی و ئابوورى هه‌رێمی کوردستان، كاركردنى كۆمپانیاكانى تایبه‌ت به پشكنین له خاڵه سنوورییه‌كان راگیراوه و گرێبه‌ستى كاركردنیشیان بۆ تازه نه‌كراوه‌ته‌وه، بۆیه ئێمه‌ش وه‌ك شوێنگره‌وه‌یه‌ك بۆ كاره‌كانى ئه‌و كۆمپانیایانه، به‌پێى گشتاندنێكى نوێى بڕیارێكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، له‌مه‌ولا به‌پێى چه‌ند خاڵێك له مه‌رزه نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا، سه‌باره‌ت به پشكنینى پێشوه‌خته (COC) كاروبارى بازرگانان رایی ده‌كرێت”.
روونیشی كرده‌وه، ئێمه پێمان باش بوو ئه‌و كۆمپانیایانه كاره‌كانیان رابگرن، له‌جیاتی ئه‌وه پشت ببه‌ستین به پشكنینی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی كۆنترۆڵی جۆریی شاره‌كانی خۆمان، كه هه‌موویان تاقیگه‌ی زۆر پێشكه‌وتوویان هه‌یه و ئه‌مه ده‌بێته داهاتێك بۆ خۆمان و پشتبه‌ستنه به خۆمان. ئه‌وان بڕوانامه‌یان داوه به ئۆتۆمبێل، به‌ڵام دوای كه‌شف بۆمان ده‌ركه‌وتووه ئێرباگ و ئه‌ی بی ئێسیان نییه، ئه‌مه‌ش به‌پێی كوالێتی كۆنتڕۆڵی عێراقی نابێت بهێنرێته ناوه‌وه.
ئه‌زوه‌ر مه‌حمود ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد، له دوا كۆبوونه‌وه‌یاندا له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى كۆنتڕۆڵى جۆریى سلێمانى، له‌ژێر رۆشنایی گشتاندنێكى فه‌رمانێكى نوێى حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، كه پێكهاتووه له 6 خاڵ، سه‌باره‌ت به پشكنینی پێشوه‌خته ( الفحص المسبق COC) یان به‌دیله‌كانی و ئه‌م خاڵانه‌مان كرده بنه‌مایه‌كی سه‌رەتایی بۆ كاركردن، كه بریتین له یه‌كه‌م: ئه‌و بازرگانانه‌ی كه پێشتر بڕوانامه‌ی (COC) بۆ كراوه و كاری پێ نه‌كراوه یان ره‌سیدی ماوه به‌كار بێت، ئه‌وا لیستیان بۆ ده‌كرێت و باره‌كان رایی ده‌كرێن بێ پشكنین. دووه‌م: به‌پێی بڕیاری پارێزگای سلێمانی كه وێنه‌ی له خاڵه سنوورییه‌كانه، بازرگانه‌كان سه‌رپشكن باره‌كانیان له‌ناو كۆگای خاڵی سنووری داده‌نێن یاخود ده‌یبەن بو ناو كۆگای خۆیان، دوای وه‌رگرتنی به‌ڵێننامه‌ی یاسایی یان تەئمیناتی لێ وه‌رده‌گیرێت، دوای وه‌رگرتنی رسووماتی گومركی تا به‌رپرسیارێتdی باره‌كه له‌لایه‌ن خاوه‌ن باره‌كه هەڵبگیرێت تا ئه‌نجامی پشكنین ده‌رده‌چێت.
هەروەها روونیشی كرده‌وه،: “خاڵى سێیه‌م ئه‌وه‌یه كه پشكنین بۆ كه‌لوپه‌لی بیناسازی ده‌كرێت له تاقیگه‌كاندا و به ره‌سیدی 50 بار و پشكنین بۆ مەوادی (پاكه‌ره‌وه، سووته‌مه‌نی) ده‌كرێت و ره‌سیدی بۆ راده‌گیرێت بۆ 50 بار، بۆ ره‌سیدی چیمه‌نتۆ 5000 ته‌ن بۆ یه‌ك پشكنین. چواره‌م: هه‌ر بازرگانێك بار بێنێت، پێویسته ره‌زامه‌ندیى كۆنتڕۆڵی جۆری وه‌ربگرێت. پێنجه‌م: پشكنینی كه‌لوپه‌ل و كاڵاكان كراوەیە و به‌پێى پێویست به‌رده‌وام ده‌بێت”.
ساماڵ عه‌بدولڕه‌حمان عه‌زیز، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى گومرگى هه‌رێمی کوردستان باسی له‌وه كرد، دواى نیگه‌رانیى شۆفێران و كوبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ سه‌رپه‌رشتیارانى خاڵه سنوورى و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، به نووسراوێك كه ئاراسته‌ى سه‌رجه‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییە گشتییه‌كانى گومرگمان كردووه له خاڵه سنوورییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، له كۆتایی مانگى شوباتى رابردوو، هه‌روه‌ها سه‌ره‌تاى مانگى ئادارى ئه‌مساڵ، كاركردنى سه‌رجه‌م كۆمپانیاكانى پشكنین (COC)مان راگرت.
وتیشى: “پێشتر ئه‌و كۆمپانیانه گرێبه‌ستیان هه‌بووه له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى هه‌رێم، به‌ڵام كاركردنیان راگیراوه و گرێبه‌سته‌كانیشیان تازه نه‌كراوه‌ته‌وه”
شاخه‌وان به‌كر، به‌ڕێوه‌به‌رى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى گومرگى مه‌رزى نێوده‌وڵه‌تیى باشماخ، راگه‌یاند: “له‌دواى وه‌ستانى كاركردنى كۆمپانیاكانى پشكنین، له‌گه‌ڵ شاندێكى تەکنیکی له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی تاقیگه‌ی بیناسازیی سلێمانی و هۆبه‌ی تاقیگه كێڵگه‌ییه‌كان، بڕیار درا به كردنه‌وه‌ی تاقیگه‌یه‌ك بۆ پشكنینی كه‌ره‌سته و پێداویستیی بیناسازیی هاورده‌كراو بۆ هه‌رێمی كوردستان”.
جه‌ختیشی كرده‌وه، كه له‌به‌رئه‌وه‌ى له ماوه‌ى رابردوودا كۆمپانیاكانى پشكنینى پێشوه‌خته (COC) كه كارى پشكنینیان له خاڵه سنوورییه‌كان ده‌كرد، به‌ڵام دواتر كۆتایی به گرێبه‌ستى كاركردنیان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان هات و كار ناكه‌ن.
به‌رپرسه‌كه‌ى گومرگى باشماخ نه‌ی شارده‌وه، به كردنه‌وه‌ى ئه‌و تاقیگه‌یه ئاسنكاریى زیاتر بۆ كاروبارى هاووڵاتییان و بازرگانان ده‌كرێت و پشكنین بۆ چیمه‌نتۆ و كاشى و گه‌چ ده‌كرێت و ئێستا هۆبه‌كانى كه‌ره‌نتینه‌ى ڤێتینه‌رى و كشتوكاڵ و كوالێتیى كۆنتڕۆڵ و ته‌ندروستیمان هه‌یه و تاكه کێشە نەبوونی تاقیگه‌ی بیناسازییه و به كرانه‌وه‌ى ئه‌وه‌ش هیچ كێشه‌یه‌كمان نامێنێت و له‌مه‌ولاش پشت به هۆبه و كارمه‌ندانى خۆمان ده‌به‌ستین.
لای خۆشیه‌وه عه‌بدوڵا ئه‌حمه‌د، به‌رپرسی سه‌ندیكای شۆفێرانی شارۆچكه‌ى پێنجوێن، ئاماژەى بۆ ئه‌وه كرد: ”دوای ئه‌وه‌ی له كۆتایی ساڵی رابردوودا، به‌هۆی زۆریی ئه‌و باجانه‌ی كه له‌لایه‌ن كۆمپانیاكانی پشكنینی خۆراك و شمه‌كه‌وه له شۆفێر و بازرگانه‌كان له مه‌رزى باشماخ وه‌رده‌گیرا، شۆفێرانی ئۆتۆمبێله بارهه‌ڵگره‌كان ده‌ستیان به مانگرتن كرد و هاتوچۆی ئۆتۆمبێله بارهه‌ڵگره‌كانی مه‌رزه‌كه‌یان راگرت، ئه‌و كاته لایه‌نه په‌یوەندیدراه‌كان به‌ڵێنیان پێ داین كه جارێكی تر گرێبه‌ستی كۆمپانیاكان نوێ ناكه‌نه‌وه”.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئێستا گرێبه‌ستی ئه‌و دوو كۆمپانیایه كۆتایی هاتووه و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی گومرگی هه‌رێمیش به نووسراوێكی فه‌رمی ئاگاداریان كردووینه‌ته‌وه كه كاركردنی ئه‌و كۆمپانیانه هه‌ڵده‌په‌سێرن، به‌و شێوه‌یه‌ش پێشبینی ده‌كه‌ین كه له‌دوای خۆشبوونی كه‌شوهه‌وای ناوچه‌كه، جموجۆڵێكی به‌رفراوانتری بازرگانی له مه‌رزی باشماخه‌وه به‌دی بكرێت.
به‌رپرسی سه‌ندیكای شۆفێرانی شارۆچكه‌ی پێنجوێن دووپاتیشی كرده‌وه، له‌مه‌ودوا له‌بری ئه‌و كۆمپانیایانه، هه‌ر یه‌كه له هۆبه‌كانى (كشتوكاڵ، كوالێتی كۆنتڕۆڵ، ته‌ندروستی) سه‌ر به به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی مه‌رزی نێوده‌وڵه‌تیی باشماخ، كاری پشكنین بۆ ئه‌و كه‌لوپه‌ل و شمه‌كانه ده‌كه‌ن، كه له ئێرانه‌وه هاورده‌ی هه‌رێمبی کوردستان ده‌كرێن.
هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه كامه‌ران عومه‌ر، كاربه‌ڕێكه‌ری بازرگانان له باشماخ : “ئه‌و شتانه‌ى كه ده‌هێنرێن ده‌بێت كوالێتییان به‌رز بێت، له‌به‌رئه‌وه ئه‌و كۆمپانیایانه دانراون، به‌ڵام كه‌لوپه‌له‌كان هه‌مان كه‌لوپه‌له‌كانی پێشووترن و هه‌ر شته كۆنه‌كانن، جگه له‌وه‌ش پاره‌یه‌كی زیاتر له بازرگانان وه‌رده‌گرن و بازرگان‌یش له هاووڵاتییانی وه‌رده‌گرنه‌وه”.
به‌پێى ئامارێكى به‌رێوه‌به‌رایه‌تیى كۆمه‌ڵگاى ده‌روازه‌ى خاڵى سنووریى باشماخ، كه وێنه‌یه‌كى دراوه‌ته (باس)، هاتووه کە داهاتی ساڵی 2016ى سنووری نێوده‌وڵه‌تیی باشماخ بریتى بووه له (168) ملیار دینار، به‌ڵام داهاته‌كه‌ى له ساڵى 2015 گه‌یشتبووه نزیكه‌ى 275 ملیار دینار، به‌و پێیه‌ش بێت، داهاتى ئه‌و سنووره نێوده‌وڵه‌تییه‌ى هه‌رێمى كوردستان، زیاتر له‌نیوه كه‌متر بووەته‌وه.
س: باس