ئامانسیۆ ئۆرتیگا.. ئیمپراتۆرى پۆشاك


ئامانسیۆ ئۆرتیگا ده‌وڵه‌مه‌ندترین پیاوى ئیسپانیا‌و كیشوه‌رى ئه‌وروپایه‌، ئه‌و كه‌ یه‌كێكه‌ له‌پێنج ملیاردێره‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌كه‌ى جیهان، خاوه‌نى زنجیره‌ فرۆشگاكانى زارا‌و به‌ڕێوه‌به‌رى جێبه‌جێكارى كۆمپانیاى پۆشاكى “ئینتیدیكسگه‌.

كۆمپانیاى ئینتیدیكس كه‌ گه‌وره‌ترین كۆمپانیاى پشكدارى جیهانه‌، ئۆرتیگا دامه‌زرێنه‌ریه‌تى كه‌ زارا یه‌كێكه‌ له‌به‌ناوبانگترین برانده‌كانى‌و خاوه‌نى  60%ى پشكه‌كانیه‌تى. به‌پێى گۆڤارى فۆربس سه‌روه‌ت‌و سامانى ئۆرتیگا به‌ 80 ملیار دۆلار مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت، كه‌ جگه‌ له‌فرۆشگاكانى “زارا”، خاوه‌نى چه‌ندین بورجى ئاسمان روشێنه‌ له‌مه‌دریدو نیویۆك‌و له‌نده‌ن‌و شیكاگۆو سان فرانسیكۆ، له‌وانه‌ بورجى 43 نهۆمى پیكاسۆ له‌مه‌درید.

ئه‌م ملیاردێره‌ ته‌مه‌ن 80 ساڵه‌، كه‌ منداڵییه‌كى پڕ له‌كوێره‌وه‌رى به‌سه‌ربردوه‌، باوكى كرێكارێكى هه‌ژاریى رێگه‌ى ئاسن بو، له‌13 ساڵیدا خه‌ریكبو هه‌مان رێچكه‌ى باوكى بگرێت‌و ببێت به‌كرێكارى رێگه‌ى ئاسن، به‌ڵام له‌ئێواره‌یه‌كى دره‌نگ وه‌ختدا روداوێك هه‌موو ره‌وتى ژیانى ئه‌وى گۆڕى، كه‌ خه‌ریكبو له‌قوتابخانه‌وه‌ ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌، ئه‌وو دایكى له‌فرۆشگایه‌ك وه‌ستان، دایكى ده‌یویست پێویستییه‌كى قوتابخانه‌ى بۆ بكڕێت، فرۆشیاره‌كه‌ به‌دایكى وت “سێنیۆرا، ناتوانم بده‌مێ تا پاره‌كه‌ى نه‌ده‌یت”. ئۆرتیگا به‌ئه‌ندازه‌یه‌ك توڕه‌ كرد كه‌ بڕیارى دا ئیتر نه‌چێته‌وه‌ بۆ قوتابخانه‌. 

له‌ته‌مه‌نى چوارده‌ ساڵییه‌وه‌ بووه‌ شاگردى فرۆشیایه‌كى پۆشاك‌و له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌كیدا تى شێرتیان ئه‌دورى‌و به‌پاسكیل ده‌یانگێڕا به‌ناو شارى لاكرۆنادا. پاشان له‌گه‌ڵ هاوسه‌رى ئه‌وكاتى “كه‌ ئێستا ئه‌ویش ملیۆنه‌ره‌” ماڵه‌وه‌یان كرد به‌شوێنى دورینى پۆشاكى ژنانه‌و پۆشاكى ژێره‌وه‌‌و رۆبى گه‌رماو. 

ئامانسیۆ ئۆرتیگا، یه‌كه‌مین فرۆشگاى خۆى له‌ساڵى 1975دا كرده‌وه‌ له‌ئیسپانیا‌و ناوى نا “زارا”. له‌ده‌یه‌ى هه‌شتادا فرۆشگاكانى له‌ نیۆرك‌و پاریس‌و دواتر له‌هه‌موو ئه‌وروپادا كرده‌وه‌. ئێستا زارا، 6000 فرۆشگاى له‌سه‌رتاسه‌رى جیهاندا هه‌یه‌‌و  40 ساڵه‌ مۆدیلێكى ناودارى پۆشاكى جیهانه‌‌و پڕفرۆشترینیانه‌.

به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌و سه‌روه‌ت‌و سامانه‌شیدا، ئۆرتیگا ژیانێكى ئارام‌و بێ هه‌راوزه‌نا له‌شارێكى بچوكى ئیسپانیا به‌سه‌رده‌بات‌و زۆربه‌ى خه‌ڵكی كه‌ بیشیبینن نایناسن. سه‌ڕه‌راى ئه‌وه‌ى كه‌ ملیۆنه‌ها كه‌س ئێستا كڕیارى پۆشاكه‌كانى ئه‌ون‌و 94 هه‌زار كارمه‌ندى هه‌یه‌، به‌ڵام خۆى زۆر ساده‌‌و ساكار پۆشه‌، زۆربه‌ى كات جێنزو تى شێرتێك ده‌پۆشێت‌و له‌ژیانییدا چاوپێكه‌وتنى له‌گه‌ڵ هیچ میدیایه‌كدا ئه‌نجام نه‌داوه‌و ته‌نانه‌ت نوسینگه‌شى نییه‌‌و له‌ساڵى 2001ه‌وه‌ هیچ وێنه‌نه‌یه‌كى بڵاونه‌بۆته‌وه‌.

گۆڤارى فۆربس پێیوایه‌ كه‌ هێزى بزوێنه‌رى پێشكه‌وتنه‌ خێراكانى زارا، نوێبونه‌وه‌ى به‌رده‌وامه‌. فرۆشگاكانى زارا هه‌موو هه‌فته‌یه‌ك چییان هه‌یه‌ دوو جار ده‌یگۆڕن‌و تازه‌ى ده‌كه‌نه‌وه‌، كڕیاریش داواى چییان لێبكات له‌ماوه‌ى 48 كاتژمێردا ده‌یگه‌یه‌ننه‌ ده‌ستى.
 
گۆڤاری بازرگانی‌و پیشەسازی