ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاوی كردەوە بۆ لەمەودوا حكومەتی عێراق ئامادە نیە بودجەی ئەو كۆمپانیایانە سەرف بكات كە كاری بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمدا دەكەن.
وتەبێژێك بە ناوی حسێن شەهرستانی جێگری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری وزە بە ئاژانسەكەی راگەیاندووە, بە هۆی ئەوەی هەرێمی كوردستان وەك هەرێمێكی سەربەخۆ مامەڵە دەكات ئەوان بودجەی كۆمپانیاكان سەرف ناكەن بۆ هەرێم.
ئەمە لە كاتێكدایە لە چەند مانگی رابردوودا هەرێم و ناوەند لەسەر پێدانی بودجەی كۆمپانیا نەوتیەكان بە هەرێم رێكەوتن.
لێدوانەكانی بەرپرسانی حكومەتی عێراق دوای ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا توندتر دەبنەوە و لە ئێستاشدا جەلال تاڵەبانی سەرۆك كۆمار كە بە هێور كەرەوەی ئاڵۆزییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا دادەنرێت بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی لە وڵاتی ئەڵمانیایە.