سەرپەرشتیكردنی كۆبوونی خۆراك دەدرێتە كەرتی تایبەت

 
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بەنیازە سیستمی كۆبوونی خۆراكی هاوڵاتیان لە وەزارەتی بازرگانی وەربگرێتەوەو بیداتە كەرتی تایبەت.

ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لە كۆبوونەوەیەكدا گفتوگۆی لەسەر پڕۆژەیەك كردووە، كە تایبەتە بە وەرگرتنەوەی سیستمی كۆبوونی خۆراكی مانگانەی هاوڵاتیان لەوەزارەتی بازرگانی عێراق و پێدانی بەكەرتی تایبەت.

لە كۆبوونەوەكەدا بە ووردی قسە لەسەر ئەو رەخنەو گلەییانە كراوە، كە لەبارەی بەشە خۆراكی مانگانەی هاوڵاتیان هەیە، كە لەلایەن وەزارەتی بارزگانییەوە دابین دەكرێن و بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش دەكرێت. 

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا تەئكیدیش كراوەتەوە: كە پێویستە چاكسازی لەكۆبوونی خۆراكدا بكرێت‌و دابینكردنی بەشە خۆراكی مانگانەی هاوڵاتیان بدرێتە كەرتی تایبەت، بەڵام بڕیاری كۆتایی لەسەر نەدراوە.