خاڵی گومرگی سەفرە كە دەكەوێتە ناوچەی عوزێم لە پارێزگای دیالەو ببوە هۆی نیگەرانی بازرگانانی كوردستان، بە هەوڵی ژووری بازرگانیو پیشەسازیی سلێمانی ئێستا ئەو خاڵە گومرگییە لابرا.
(١٥%) گومرگ وەربگرن
ئەحمەد كەلاری ئەندامی ئەنجومەنی ژووری بازرگانیو پیشەسازیی سلێمانیو نوێنەری بازرگانانی گەرمیان رایگەیاندووە، وەك ژووری بازرگانیو پیشەسازیی سلێمانی لە دوای ئەو كۆبوونەوانەی كە لە كرماشانو تاران ئەنجامانداو چڕكردنەوەی هەوڵەكانمان بۆ لابردنی خاڵی گومرگی سەفرە، كە ببوە نیگەرانی بازرگانانی كوردستان، ئێستا بڕیاری لابردنی ئەو خاڵە گومرگییە جێبەجێكراوە.
وتیشی: «چەند رۆژێك لەمەوبەر نوێنەرانی وەزارەتی ناوخۆو وەزارەتی دەرەوەو بەرپرسی پارێزگای كرماشانو قایمقامی قەسری شیرین بە سەردانێكی بەپەلە چوونەتە پارێزگای دیالەو گفتوگۆی چڕوپڕ كراوە لەسەر ئەو خاڵە گومرگییەو ئێستاش خاڵە گومرگییەكە لابراوە».
ئەحمەد كەلاری ئاماژەی بەوەشداوە، ئێستا حكومەتی بەغدا دەیەوێت بەشێوەیەكی دیكە پارەی گومرگ لەو ئۆتۆمبێلی بارهەڵگرانە وەربگرێت كە لەكوردستانەوە دەچنە ناوەڕاستو خوارووی عیراق، ئەویش لەڕێگەی مەئمورەوە بارهەڵگرەكان بنێرن بۆ ئەبو غرێبو (١٥%)ی گومرگ وەربگرن.
كۆبوونەوە لەگەڵ لایەنی ئێران
نوێنەری ژووری بازرگانیو پیشەسازیی سلێمانی لەگەرمیان وتیشی: «لەگەڵ نوێنەرانی وەزارەتی دەرەوەو بەڕێوەبەری گومرگەكانی ئێرانو وەزارەتی ناوخۆو بەرپرسی هەموو مەرزەكانی ئێران كۆدەبینەوە بۆ قسەكردن لەسەر لابردنی ئەو بەربەستەی دروستبووە بۆ بازرگانانی كوردستان».
لە ماوەی رابردوودا لە ناوچەی عوزێم لەپارێزگای دیالە، خاڵی گومرگی سەفرە داندرابوو، كە هەر بارێك لە كوردستانەوە بچوایەتە شارەكانی خوارووی عیراق، ئەوە گومرگ دەكرایەوە كە ئەمەش نیگەرانی لای بازرگانان دروست كردبوو.
کوردستانی نوێ