حکومەتی عیراق لەچوارچێوەی رێککەوتنێکی لەگەڵ بەریتانیا، قەرزێک بەبڕی زیاتر لە (١٢) ملیار دۆلار لەو وڵاتە وەردەگرێت، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانیش رایدەگەیەنێت: ھەرێمی کوردستان پشکی لەو قەرزە دەبێت.
بەگوێرەی رێککەوتنێک کە دوێنی لەنێوان عەبدولڕەزاق عیسا وەزیری دارایی عیراق بەوەکالەت و فرانک پیکەر باڵیۆزی بەریتانیا لەبەغدا واژۆکرا، حکومەتی بەریتانیا بڕی ١٠ ملیار پاوەن، کە دەکاتە زیاتر لە ١٢ ملیارو ٣٠٠ ملیۆن دۆلار، بەشێوەی قەرزی درێژخایەن بەعیراق دەبەخشێت.
بەگوێرەی زانیاریەکان، قەرزەکە بۆ ئەنجامدانی چەند پرۆژەیەکی خزمەتگوزارییە وەک ئاو، کارەبا، بوژاندنەوەی ژێرخانی عیراق، کە لە ماوەی ١٠ ساڵدا پارەکە دەدرێتەوە.
ئەحمەد حاجی رەشید بڕیاردەری لیژنەی دارایی لەئەنجومەنی نوێنەران راگەیاندووە: ئەگەر ئەو قەرزە بۆ پڕۆژە بێت، ھەرێمی کوردستانیش پشکی تێیدا دەبێت، بەڵام دەبێت پڕۆژەکان لەچوارچێوەی بودجەی ٢٠١٨ی عیراقدا جێگیر بکرێت.
روونیشیکردەوە: “ئەگەر ھەرێم بەم ئاقارەی ئێستایدا بڕوات و بەشداریی لە داھاتی عیراقدا نەکات، ھێزە عیراقییەکان رێگە نادەن ھەرێم پشکی لەو قەرزانە ھەبێت کە عیراق وەریدەگرێت”.
سەبارەت بەتەرخانکردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ عیراق، ئەحمەد حاجی رەشید وتی: “ئەمریکا بەو ھەموو زەبەلاحییەی خۆیەوە، تەنیا دوو ملیارو ٧٥٠ ملیۆن دۆلاری بۆ عیراق تەرخانکردووە، کە ئەویش بۆ بواری سەربازییەو تەنیا (٧٠٠) ملیۆن دۆلاری بەنەقد دەدات بەعیراق بۆ دابینکردنی فیشەک و تەقەمەنی، بۆیە بەدووری دەزانێت ھیچ دەوڵەتێک بڕی (١٢) ملیار دۆلار بدات بەعیراق”.