كۆربه‌ندى ئابوورى رۆڵى كه‌رتى تایبه‌ت له‌ په‌ره‌پێدانى ئابوورى خۆماڵى له‌ هه‌ولێر به‌رێوه‌چوو

 
رێكه‌وتى 13/3/2017  له‌ باڵاخانه‌ى ژوورى بازرگانى و پیشه‌سازى هه‌ولێر كۆربه‌ندى ئابوورى له‌ژێر ناونیشانى رۆڵى كه‌رتى تایبه‌ت له‌ په‌ره‌پێدانى ئابوورى خۆماڵى به‌رێوه‌چوو كه‌ له‌لایان ژوورى هه‌ولێر و UNDP رێكخرابوو ، سه‌ره‌تاى كۆربه‌نده‌كه‌ دكتۆر ئه‌نوه‌ر به‌رزنجى ووته‌ى به‌خێرهاتنى پێشكه‌ش به‌ ئاماده‌بوان كرد ، دواتر دكتۆر دارا جلیل خه‌یات سه‌رۆكى یه‌كێتى ژووره‌كانى بازرگانى و پیشه‌سازى هه‌رێمى كوردستان ووتاری كردنه‌وه‌ى كۆربه‌ندى پێشكه‌ش به‌ ئاماده‌بوان كرد و رایگه‌یاند
 
ئێمه‌ وه‌ك نوێنه‌رى كه‌رتى تایبه‌تى نیشتمانى داوا له‌ رێكخراوانى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان و رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و وڵاتانى كۆمه‌ك به‌خش ده‌كه‌ین هاوكارمان بن له‌ پرۆسه‌ى  كه‌مكردنه‌وه‌ى  تێچوونى به‌رهه‌مهێنان بۆ ئه‌وه‌ى چاڵاكیه‌ ئابووریه‌كانمان ده‌ست به‌ كاربكه‌نه‌وه‌ و ببنه‌ هۆكارى كه‌م كردنه‌وه‌ى بێكارى و بتوانین هه‌لى كار بۆ په‌نابه‌ر و ئاواره‌ى ناوخۆى و كۆمه‌ڵگه‌ى مێواندار فه‌راهه‌م بكه‌ین  به‌ تایبه‌تیش ئافره‌تان چونكه‌ ئه‌گه‌ر هه‌لى كار بۆ ئافره‌تان بڕه‌خسێنین ئه‌وه‌ به‌شداری ده‌كه‌ین له‌  ئیستقرارى خێزانه‌كان و له‌ ئه‌نجامدا گه‌نجه‌بێكاره‌كان بیر له‌ كۆچكردن بۆ ئه‌وروپا نه‌كه‌نه‌وه‌ ، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ به‌ڵكو كه‌رتى تایبه‌تى نیشتمانى هیواداره‌ بتوانێ كۆچكردوه‌كان له‌ ئه‌وروپا بگه‌ڕێنته‌وه‌ وڵات ، بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ ئاماده‌ین گفتوگۆى ورد بكه‌ین .

دواتر سولتان حه‌جیه‌ڤ جێگرى به‌رێوه‌به‌رى UNDP  ووتارێكى پێشكه‌ش كرد و باسى له‌ چۆنیه‌تى هه‌ماهه‌نگى نێوان هه‌ردولا و چۆنیه‌تى به‌ره‌وپێش بردنى كه‌رتى تایبه‌تى كرد ، دواتر ئاماده‌بوانى كۆربه‌نده‌كه‌ به‌سه‌ر سێ په‌ناڵى جیاواز دابه‌ش كران كه‌ په‌نه‌ڵى یه‌كه‌م تایبه‌ت بوو به‌ به‌شدارى كه‌رتى تایبه‌ت و په‌ره‌پێدانى ئابوورى كوردستان بۆ نمونه‌ پشت به‌ستن به‌ كشتوكاڵ كه‌ له‌لایان دكتۆر ئه‌نوه‌ر ئاناید ماموستا له‌ زانكۆیى كوردستان هه‌ولێر به‌رێوه‌ ده‌بردرا ، پانێڵى دووه‌م به‌ ناونیشانى وه‌به‌رهێنان له‌ بازارى تایبه‌تمه‌ند دا و چۆنیه‌تى به‌شدارى پێكردنى بزنسمانان له‌لایان گۆزده‌ ناڤچی به‌رێوه‌به‌رى به‌شى بژیویى UNDP و پانێلى سێه‌م تایبه‌ت به‌ رۆڵى لایه‌نه‌ به‌شداربوه‌كان له‌ په‌ره‌پێدانى ئابوورى خۆماڵى وه‌كو حكومه‌ت رێكخراوه‌كان و كه‌رتى تایبه‌ت و ئه‌كادیمیاكان، دواى گفتوگۆیه‌كى تێروته‌سه‌ل له‌ كۆتایدا راسپارده‌كانى هه‌رسێ په‌ناڵ خوێندرانه‌وه‌ .