كارگه‌كانى حكوومه‌ت ״پاره‌ ناكه‌ن״


حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، كۆتایى به‌ كارى كارگه‌كانى دێنێت ‌و به‌شێكیان ده‌فرۆشێت و به‌شێكى تریشیان ده‌دات به‌ كه‌رتى تایبه‌ت، كه‌ له‌ 32 كارگه‌ی جگه‌ره‌ و مه‌ڕمه‌ڕ و زه‌یتى زیتون و دۆشاو و ئه‌لبان و گه‌چ پێك دێن، به‌ڵام له‌كاركه‌وتنیان وا ده‌كات ״پاره‌ نه‌كه‌ن״.

كۆتایى مانگى ڕابردوو ئه‌نجوومه‌نى ئابووریى هه‌رێمى كوردستان كۆ بووه‌وه‌، تێیدا بڕیار درا ده‌سه‌ڵات بدرێت به‌ وه‌زاره‌تى پیشه‌سازى و بازرگانى به‌ هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ پارێزگاكاندا بۆ فرۆشتنى كارگه‌كانى حكوومه‌ت یان په‌یداكردنى هاوبه‌ش له‌ كه‌رتى تایبه‌ت بۆ به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌یان، له‌ ئێستادا وه‌زاره‌تى پیشه‌سازى ‌و بازرگانى سه‌رقاڵى به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ى ئه‌و كارگانه‌یه‌ كه‌ تواناى كاركردنیان تێدا ماوه‌ به‌ هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ كه‌رتى تایبه‌تدا، هه‌روه‌ها به‌رنامه‌شى هه‌یه‌ بۆ فرۆشتنى ئه‌و كارگانه‌ى كه‌ به‌ ته‌واوى له‌ كار كه‌وتوون.

ئاراس ڕه‌وف، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى گه‌شه‌پێدانى بازرگانى و پیشه‌سازى له‌ وه‌زاره‌تى بازرگانى و پیشه‌سازى ڕاگه‌یاند حكوومه‌ت خاوه‌نى كۆمه‌ڵێك كارگه‌یه‌ ‌و له‌ ئێستادا له‌ كار كه‌وتوون، بۆیه‌ بڕیاری داوه‌ بیانفرۆشێت یان بیاندات به‌ كه‌رتى تایبه‌ت بۆ دووباره‌ به‌كارخستنه‌وه‌یان.

وتیشى: ״ئامانجمانه‌ كه‌رتى پیشه‌سازى و بازرگانى به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ببه‌ین، بۆیه‌ به ‌هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى دارایی پلانى سه‌رخستنى به‌رهه‌مى ناوخۆ داده‌نێین بۆ پاراستنى به‌رهه‌مى خۆماڵى به‌رامبه‌ر به‌ به‌رهه‌مه‌ هاورده‌كراوه‌كان״.

ئه‌و كارگانه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێم به‌ نیازه‌ بیانفرۆشێت یاخود بیاندات به‌ كه‌رتى تایبه‌ت بۆ كارپێكردنه‌وه‌یان ژماره‌یان، 32 كارگه‌یه‌، پێك هاتوون له‌ كارگه‌ى جگه‌ره‌ و مه‌ڕمه‌ڕ و زه‌یتى زه‌یتون و دۆشاو و ئه‌لبان و گه‌چ.

دلێر مه‌حموود، شاره‌زاى ئابوورى و پیشه‌سازى  جه‌ختی كرده‌وه:‌ ״خودى كارگه‌كان پاره ‌ناكه‌ن یان ئه‌گه‌ر نرخێكیشیان هه‌بێت نرخێكى ڕه‌مزییه‌، به‌ڵام ئه‌و زه‌وییانه‌ى كارگه‌كانى تێدایه‌ نرخیان گرانه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى كه‌وتوونه‌ته‌ ناوجه‌رگه‌ى شاره‌كانه‌وه؛‌ شوێنه‌كانیان ستراتیجین״.

وتیشى: ״حكوومه‌ت ئه‌گه‌ر بیه‌وێت كه‌رتى پیشه‌سازى پێش بخات، هه‌روه‌ها هه‌لى كار بڕه‌خسێنێت، ده‌بێت كارگه‌كان و شوێنه‌كانیان به‌و مه‌رجه‌ بفرۆشێت كه‌ لایه‌نى كڕیار هه‌مان جۆرى كارگه‌ به‌ شێوه‌یه‌كى نوێ و سه‌رده‌مییانه‌ى تێدا درووست بكات״.

فرۆشتنى كارگه‌كان، دواى ئه‌وه‌ دێت حكوومه‌تى هه‌رێم له‌ چه‌ند مانگى ڕابردوودا باجی‌ كرێی‌ موڵكانه‌ی‌ كارگه‌ بچووك ‌و مامناوه‌نده‌كانی بۆ ده‌ ئه‌وه‌نده‌ به‌رز كرده‌وه‌ و به‌شێكیشیان بۆ 17 ئه‌وه‌نده‌ زیاد كرد.

ته‌نیا یه‌ك مانگ دواى زیادكردنى كرێ ‌و باجى كارگه‌كان، 14 كارگه‌ی بچووك ‌و مامناوه‌ند له‌ هه‌ولێر و سلێمانی ‌و گه‌رمیان داخران.

سیروان محه‌مه‌د، سه‌رۆكى ژوورى بازرگانى و پیشه‌سازیى سلێمانى، ڕاگه‌یاند ئه‌و كارگانه‌ى حكوومه‌ت ده‌یانفرۆشێت ساڵانێكه‌ له ‌كار كه‌وتوون، به ‌شێوه‌یه‌ك له‌ ئێستادا هیچ كارگه‌یه‌كى حكوومى كار ناكات، ئه‌وه‌یشى كار ده‌كات دراوه‌ به‌ كه‌رتى تایبه‌ت.

وتیشى: ״له‌كاركه‌وتنى ئه‌و كارگانه‌ زیانى به‌ كه‌رتى پیشه‌سازى گه‌یاندووه‌، ده‌بوایه‌ پێش ئه‌وه‌ى به ‌ته‌واوى له ‌كار بكه‌ون هه‌وڵى نۆژه‌نكردنه‌وه‌یان بدرایه‌، ئه‌و كارگانه‌ بڕوا ناكه‌م جارێكى تر بتوانرێت ئیشى پێ بكرێت تواناى كاركردنیانن مابێت״.

به‌ بڕواى سه‌رۆكى ژورى بازرگانى ‌و پیشه‌سازیى سلێمانى، حكوومه‌ت ده‌بێت له‌ هه‌نگاوى یه‌كه‌میدا بۆ به‌ره‌وپێشچوونى كه‌رتى پیشه‌سازى پارێزگارى له‌ به‌رهه‌مى ناوخۆ بكات، گومرگى زیاد بخاته‌ سه‌ر كاڵاى هاورده‌ و متمانه‌ له‌ نێوان خاوه‌ن كارگه‌كان و خۆیدا درووست بكات.

وتیشى: ״ئه‌وه‌شى كارگه‌ى هه‌یه‌ په‌شیمانه‌ له ‌درووستكردنى له‌به‌ر ئه‌وه‌ى پارێزگارى له‌ به‌رهه‌مه‌كه‌ى ناكرێت״.

له‌ هه‌رێمى كوردستاندا، پێنج هه‌زار و 300 كارگه‌ هه‌ن، زیاتر له‌ دوو هه‌زار و 300 كارگه‌یان به ‌هۆى قه‌یرانى داراییه‌وه‌ له ‌كار كه‌وتوون.

عه‌بدولڕه‌حمان عه‌لى، بڕیارده‌رى لیژنه‌ى بازرگانى و پیشه‌سازى و مافى به‌كاربه‌ریى په‌رله‌مان، به ״‌ئاژانس״ى ڕاگه‌یاند كه‌رتى كشتوكاڵ و ئاو كه‌ ئاسایشى خۆراكى پێوه‌ به‌نده‌ له‌ ساڵانى ڕابردوودا له‌ %1.8 بودجه‌ى بۆ ته‌رخان كردووه‌، كه‌رتى پیشه‌سازى و بازرگانییش له‌ %1.1ی بۆ ته‌رخان ده‌كرا، بۆیه‌ هه‌رێم بووه‌ته‌ هه‌رێمێكى به‌كاربه‌ر بۆ ساغكردنه‌وه‌ى كاڵا و شمه‌ك و خۆراكى وڵاتانى ده‌وروبه‌ر.

عه‌بدولڕه‌حمان عه‌لى، پێشی وایه‌، ده‌بێت حكوومه‌ت نه‌خشه‌ڕێگایه‌ك دانێت بۆ ئه‌وه‌ى كه‌رتى پیشه‌سازى له‌وه‌ زیاتر دوا نه‌كه‌وێت.

وتیشى: ״له‌ هه‌رێمى كوردستاندا 13 جۆر سامانى سرووشتى و كانزایى هه‌یه‌، ده‌توانرێت له‌ ڕێگه‌ى كه‌مكردنه‌وه‌ى باجى سه‌ر كارگه‌كان و پارێزگاریكردن له‌ به‌رهه‌مى ناوخۆ كه‌رتى پیشه‌سازى به‌ره‌و بووژانه‌وه‌ ببرێت״

رۆژنامەی ئاژانس