مەرجی وەرگرتنی قەرز لەلایەن هاوڵاتیان و فەرمانبەرانی هەرێمەوە ئاشكرا دەبێت، بەنكی ناوەندی لەمساڵدا بڕە پارەیەكی زۆر وەك قەرزی درێژخایەن دەداتە خاوەن كارو پرۆژەو فەرمانبەران، پەرلەمانتارێكیش هۆكاری سودمەندنەبوونی هەرێمی كوردستان لەو قەرزانە ئاشكرا دەكات.
بڕیارە بەنكی ناوەندی شەش ملیار دینار وەك قەرزی درێژخایەن بداتە خاوەن كارو پرۆژەو فەرمانبەران، لەوبارەیەوە، (عەبدولقادر موحەمەد) ئەندامی لێژنەی دارایی لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، تاكو ئێستا ناردنی پشكی هەرێم لەو قەرزانە ساغ نەبۆتەوە، ڕێكارە ئیدارییەكانیش بۆ سودمەندبوونی هەرێمیش لەو قەرزە ئەوەیە، دەبێت هەرێم هەماهەنگی بكات لەگەڵ بەغدا لەسەر چۆنیەتی میكانیزمی دانەوەی قەرزەكەو بڕی ئەو قازانجەشی كە دەخرێتە سەری.
ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی وت، تاكو ڕێكەوتن لەنێوان هەرێم و بەغدا نەكرێت، فەرمانبەرانی هەرێم ناتوانن سوودمەندبن لەهیچ كام لەقەرزەكانی بەنكەكانی بەغدا.
سەبارەت بەكردنەوەی لقی بەنكی ناوەندی لەهەرێمی كوردستان، (عەبدولقادر موحەمەد) بۆ ئێس ئێن ئێن وتی، كارەكانی كردنەوەی ئەو دوو بەنكە بەردەوامن، ڕەنگە مانگێك یان دوو مانگی تر سەرجەم كارەكان تەواو بكرێن، بەڵام كێشەی دڵنیایی دەمێنێت، دەبێت حكومەتی هەرێم پابەند بێت بەئیجرائاتە یاساییەكانی گێڕانەوەی قەرزەكە، شێوازی دڵنیاییەكەش دەوەستێتە سەر میكانیزمی ڕێكەوتنەكەی هەردوولا لەسەر قەرزەكە.