وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی پلانێكی‌ ستراتیژی‌ داده‌نێت

(سواره‌ عه‌زیز) به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتیی به‌دواداچوون‌و پلاندانان له‌وه‌زاره‌تی‌ بازرگانی‌‌و پیشه‌سازیی حكومه‌تی‌ هه‌رێم به‌NNA ڕاگه‌یاندوە، وه‌زاره‌ته‌كه‌یان له‌هه‌وڵی‌ به‌رده‌وامدایه‌ بۆ هاندانی‌ زۆرترین كۆمپانیای‌ وه‌به‌رهێن، تاوه‌كو له‌بواره‌كانی‌ پیشه‌سازیی خۆراكدا كاربكه‌ن، ئه‌وه‌ش پلانێكی‌ هه‌شت ساڵه‌یه‌و له‌ئێستادا به‌رنامه‌ڕێژیی‌ بۆ ده‌كه‌ن.
وتیشی‌:”له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی‌ گشتی‌ وه‌به‌رهێنانی‌ هه‌رێم‌و وه‌زاره‌تی‌ پلاندانان‌و وه‌زاره‌تی‌ كشتوكاڵی‌ هه‌رێم هه‌ماهه‌نگییه‌كی‌ باش هه‌یه‌، تاوه‌كو بتوانرێت له‌ڕێگه‌ی‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ته‌وه‌ پیشه‌سازیی خۆراك پێشبخرێت‌و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش هه‌وڵدراوه‌ به‌ڕێژه‌یه‌كی‌ زۆر سوود له‌به‌روبومه‌ كشتوكاڵییه‌ ناوخۆییه‌كان ببه‌سترێت”.
(سواره‌ عه‌زیز) به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتیی به‌دواداچوون‌و پلاندانان له‌وه‌زاره‌تی‌ بازرگانی‌‌و پیشه‌سازیی حكومه‌تی‌ هه‌رێم ڕوونیشیكرده‌وه‌، هه‌ر كۆمپانیایه‌كی‌ وه‌ربه‌رهێن بخوازێت كار له‌بواری‌ پیشه‌سازیی خۆراكدا بكات، وه‌زاره‌ته‌كه‌یان پاڵپشتی‌ ته‌واوی‌ ده‌كات‌و هه‌وڵیشده‌درێت له‌ساڵی‌ داهاتووه‌وه‌ ئاماده‌كارییه‌كان بۆ جێبه‌جێكردنی‌ ئه‌و پرۆژانه‌ بخرێته‌گه‌ڕ، سه‌ره‌تای‌ ئه‌و كاره‌ش له‌ڕێگه‌ی‌ بانگهێشتكردنی‌ ئه‌و كۆمپانیایانه‌وه‌ ده‌بێت، كه‌ له‌بواری‌ وه‌به‌رهێناندا كارده‌كه‌ن، به‌كۆمپانیا خۆماڵی‌‌و بیانییه‌كانیشه‌وه‌.