سلێمانی: ڕۆژی‌ قه‌ده‌غه‌کردنی ڕاوه‌ ماسیی‌ دیاری‌ كرا


وه‌زاره‌تی‌ كشتوكاڵ ڕۆژی‌ ده‌ستپێكردنی‌ قه‌ده‌غه‌ی‌ ڕاوه‌ ماسیی‌ دیاری‌ كرد و، داوا له‌ ڕاوچی‌ و ده‌زگا ئه‌منییه‌كانیش ده‌كات هاواكری‌ بن بۆ پاراستنی‌ سامانی‌ ماسی‌.

هۆبه‌ی‌ به‌رهه‌مهێنان و گه‌شه‌پێدانی‌ سامانی‌ ماسیی‌ سه‌ر به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی‌ كشتوكاڵی‌ سلێمانی‌، له‌ نووسراوێكدا كه‌ وێنه‌یه‌كی‌ ئاراسته‌ی‌ په‌یام كراوه‌، رایگه‌یاندووه‌ “به‌پێی‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی‌ كه‌ پێیان دراوه‌ له‌ ڕۆژی‌ 20ی‌ مانگی‌ 3 تا 19ی‌ 6ی‌ 2017 قه‌ده‌غه‌كردنی‌ ڕاوه‌ ماسی‌ له‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ ڕاده‌گه‌یه‌نن”.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی‌ كشتوكاڵی‌ سلێمانی‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ش كردووه‌ “له‌ ماوه‌ی‌ ئه‌و سێ‌ مانگه‌دا ڕاوكردنی‌ ماسی‌ به‌ ڕێگه‌ی‌ تۆڕ و قولاپ و هه‌ر ڕێگه‌یه‌كی‌ دیكه‌ش قه‌ده‌غه‌یه‌”.

هه‌روه‌ها هۆبه‌ی‌ به‌رهه‌مهێنان و گه‌شه‌پێدانی‌ سامانی‌ ماسیی‌ سلێمانی‌ داوای‌ له‌ داموده‌زگا حكومییه‌كان و قائیمقامیه‌ت و هه‌موو هێزه‌ ئه‌منییه‌كان كردووه‌ له‌ جێبه‌جێكردنی‌ بڕیاره‌كه‌دا هاوكاریان بن، تا سامانی‌ ماسی‌ پارێزراو بێت.

سه‌باره‌ت به‌ ماسیی‌ حه‌وزیش، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی‌ كشتوكاڵی‌ سلێمانی‌ رایگه‌یاندووه‌ “ماسیی‌ حه‌وزی‌ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ش ده‌بێت به‌ ڕێگه‌پێدان و سه‌رپه‌رشتیی‌ هۆبه‌ی‌ به‌رهه‌مهێنان و گه‌شه‌پێدانی‌ سامانی‌ ماسی‌ بهێنرێته‌ بازاڕه‌كانه‌وه‌”.

ساڵانه‌ وه‌زاره‌تی‌ كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی‌ ئاوی‌ هه‌رێم له‌ پێناو پاراستن و زیادبوونی‌ سامانی‌ ماسی‌، له‌ كاتی‌ گه‌راداناندا بۆ ماوه‌ی‌ سێ‌ مانگ ڕاوكردنی‌ ماسی‌ قه‌ده‌غه‌ ده‌كات.