لەشاری سلێمانی پەیکەرێک بۆ ھونەرمەندی کۆچکردوو شەماڵ سائیب دروستکرا و پەردەی لەسەر لادرا.
بەئامادەبونی خاتو ھێرۆ ئیبرایم ئەحمەد و سەرۆکۆی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و چەند بەڕێووبەرێکی بەڕێوەبەرێتیەکان و ھونەرمەندان پەردە لەسەر پەیکەری ھونەرمەند شەماڵ سائیب لادرا.
لەڕێو ڕەسمەکەدا پەیکەر ساز ئاسۆس جاف ڕایگەیاند ھونەرمەند شەماڵ سائیب یەکێکە لە ھونەرمەندە نەمرەکان کەھەمیشە لەنا و جیل بەجیلدا گوێ لە بەرھەمەکانی دەگیرێت.
ئاماژەی بەوەشدا بە ھاوکاری کۆمەڵێک لە کەسانی دڵسۆز توانیم ئەو پەیکەرە بەکۆتابێنم و ئێستاش لە شەقامی بەردەم وەزارەتی پێشمەرگە داندراوە.
ژیانی شەماڵ سائیب
لەساڵی ١٩٣١ دا لە شاری سلێمانی لەدایکبووە و باوکی قایمقام بووە لە زۆر لە قەزا و ناحیەکاندا کار فەرمانی دیوە، بۆیە شەماڵ لە منداڵییەوە لەگەلێک شار و شارۆچکەی کوردستاندا ژیاوەو چاوی کراوەتەوە و دوای تەواوکردنی قۆناغی خوێندنی سەرەتایی، چۆتە کۆلیژی مەلیک فەیسەڵ لە بەغدا کە قوتابخانەیەکی دواناوەندیی بوو و بەزمانی ئینگلیزی وانەی تێدا دەخوێندراو تەنیا قوتابییە یەکەمەکانی عێراقی وەردەگرت.
دوای تەواوکردنی قۆناغی خوێندنەکەی لە پەیمانگای ھونەرە جوانەکان وەرگیراوە و لە ١٩٥١ ز دا کۆلیژی ئاداب بەشی مێژوو لە زانستگای بەغدا وەرگیراوە و لە ساڵی ١٩٥٦ ز دا خوێندنی زانکۆی تەواوکردووە و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە مێژوو وەرگرتووە و کراوە بە مامۆستا لە دوا ناوەندی ئەعزەمییەی کوڕان و لە ساڵی ١٩٥٩ ز دا بووەتە مامۆستای بابەتی ڕۆشنبیریی مۆسیقا لە پەیمانگای ھونەرە جوانەکانی بەغدا.
شەماڵ سائیب لە سەردەمی منداڵیەوە فێری عود ژەنین بووە و لە سەرەتای ژیانی ھونەریدا لاسای مۆسیقازان و گۆرانیبێژی میسری فەرید ئەترەشی کردۆتەوەو لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردووش بۆتە خاوەنی ھونەرو دەنگی تایبەتی خۆی و ئاوازی نوێی بۆ گەلی گۆرانی تازە داناوەو گوتوونی و سوودێکی زۆری لە شیعرو ئاوازی فۆلکلۆری کوردیش وەرگرتووە.
ئەم ھونەرمەندە لێھاتووە لە ساڵی ١٩٥٦ ز وە وەک دەنگێکی نوێ و ھونەرمەندێی نوێکار ھاتۆتە گۆڕەپانی ئاواز و گۆرانی کوردی و گەلێک گۆرانی کوردی و گەلێک گۆرانی سەرکەوتووی وەک شوانە ھۆ شوانە و بەردە بەردە و ھاتی بۆ ھاتی و ھاتم ھاتم و ھەرە لەیلێ و جوان ئێمە جوانین و زولەیخای داناو بەدەنگە خۆش و زۆڵاڵەکەی وتنی و سەرکەوتنێکی گەورەی وەدەستھێنا.
لە دوا دوای ساڵی ١٩٦٣ ز دا چۆتە ئەمەریکا بۆ تەواوکردنی خوێندنی باڵاو بڕوانامەی ماستەری لە ئەدەبدا وەرگرتووە و کە گەڕاوەتەوە کوردستان لە ساڵی ١٩٧١ ز دا لە زانستگای سلێمانی کراوە بە مامۆستای یاریدەدەر لە کۆلێژی ئاداب و کە ئەو زانستگایە گوێزرایەوە بۆ ھەولێر و کراو بە زانستگای سەلاحەددین ئەمیش گوێزاوەتەوە بۆ ئەو زانستگایە تاکو کۆچی دوایی کردووە.
لە ١٩٨٦/١١/٧دا شەماڵ سائیب لە ئەنجامی نەخۆشییەکی درێژخایەن لە ھەولێر کۆچی دواییکرد و تەرمەکەی هێنراوەتەوە بۆ سلێمانی و لە گۆڕستانی بنەماڵەکەیان نێژرا.





