قوباد تاڵه‌بانی: چاكسازیه‌كان جدین و به‌ڵێنی هه‌ڵبژاردن نین

قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ دووه‌مین رۆژی پێنجه‌مین دیداری سلێمانی كه‌له‌ زانكۆی ئه‌مریكی به‌ڕێوه‌ده‌چێت له‌وتارێكدا له‌باره‌ی بودجه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم وتی: له‌ كۆتایی ساڵی 2014 دا كورتهێنانی بودجه‌ی هه‌رێم له‌ حه‌وت ملیار دۆلار زیاتر بووه‌ به‌ڵام له‌ 2016 كورتهێنانی بودجه‌ بۆ یه‌ك ملیار دۆلار كه‌میكردوه‌.

وتیشی:رێژه‌ی %90 ی مووچه‌خۆرانی مه‌ده‌نی ناویان له‌ سیسته‌می بایۆمه‌تری مووچه‌دا تۆماركردوه‌و هه‌تا ئێستاش 998 هه‌زار و 901 كه‌س ناویان له‌ سیسته‌می بایۆمه‌تریدا تۆماركردوه‌، ئامانجیشمان له‌ به‌ئه‌لیكترۆنیكردنی وه‌زاره‌تی دارایی ئه‌وه‌یه‌ دووربكه‌وینه‌وه‌ له‌وه‌ی به‌ فه‌رده‌ مووچه‌ دابه‌شبكه‌ین.

له‌باره‌ی كێشه‌ی كاره‌باشه‌وه‌ قوباد تاڵه‌بانی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، هه‌رێمی كوردستان كێشه‌ی نیه‌ له‌به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با به‌ڵكو كێشه‌ی هه‌یه‌ له‌دابه‌شكردن و كۆكردنه‌وه‌ی داهاته‌كه‌ی.

هاوكات له‌باره‌ی چاكسازیه‌كانی حكومه‌ته‌وه‌ وتی، كه‌چاكسازیه‌كان جدین و ته‌نها به‌ڵێنی هه‌ڵبژاردن نین و رێكخشتنی سیسته‌می باجیش یه‌كێكه‌ له‌ كاره‌كانی حكومه‌ت.

وتیشی: حكومه‌تی هه‌رێم له‌پێشوودا سیسته‌مێكی گومرگی زۆر خراپی هه‌بووه‌ به‌ڵام له‌ ئێستادا كراوه‌ به‌ ئه‌لكترۆنی .

رونیشیكرده‌وه‌، زۆرمان ماوه‌ به‌دیلێك بۆ نه‌وت بدۆزینه‌وه‌، به‌ڵام هه‌وڵده‌ده‌ین له‌ ئه‌و گومانانه‌ی له‌سه‌ر كه‌رتی نه‌وت و گاز هه‌ن ئه‌گه‌ر نه‌شیانهێڵین كه‌میان بكه‌ینه‌وه‌.

له‌ كۆتایی وته‌كانیشیدا وتی: له‌دوای قه‌یرانه‌كان ده‌ستده‌كه‌ین به‌ دۆزینه‌وه‌ی هه‌لی كار له‌ كه‌رته‌كانی كشتوكاڵ و پیشه‌سازی و گه‌شتوگوزاردا.