حكومەتی هەرێم قەرزەكانی لە وەبەرهێن‌‌و بــــازرگانان وەردەگرێتەوە ‌ ‌


هەرچەندە حكومەتی هەرێم، لە مانگی شوباتی ساڵی رابردووەوە داوای لە وەبەرهێن‌و بازرگانەكان كرد قەرزەكانیان بگێڕنەوە، بەڵام لە كۆی نزیكەی 800 ملیار دینار، تەنیا (15%)ی قەرزەكان دراونەتەوە‌و زیاتر لە 650 ملیار دینار ماوە بگەڕێنرێتەوە، حكومەت وەبەرهێنەر‌و بازرگانەكانی ئاگادار كردووەتەوە، كە بە ‌زووترین كات قەرزەكانیان بگەڕێننەوە.

تەنیا (15% – 17%)
نزیكەی سێ ساڵە هەرێمی كوردستان لەنێو قەیرانی داراییدایە‌‌و پێش قەیرانەكە حكومەتی هەرێم بڕی 750 ملیار دیناری بە قەرز، بە سوودی جیاواز دابووە وەبەرهێنەران‌و بازرگانەكان، بەڵام دوای جێبەجێكردنی سیستمی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران، بە نووسراوێك داوای قەرزەكانی كردەوە.

لە ساڵی رابردووشدا لیستێك بڵاوكرایەوە تێیدا هەموو ئەو وەبەرهێنەر‌و بازرگانانە ئاشكرا كران، كە قەرزی حكومەتی هەرێمیان لەلایە‌و تا ئێستا نەیانگەڕاندۆتەوە، كۆی گشتیی پارەكەش بریتییە لە بڕی 750 ملیار دینار.

وەبەرهێنەران بە‌شێوەیەكی گشتی 600 ملیۆن دۆلار قەرزاری حكومەتی هەرێمی كوردستانن، كە بۆ پڕۆژەكانیان قەرزیان وەرگرتووە، حكومەتیش بڕی 500 ملیۆن دۆلار قەرزاری وەبەرهێنەرانە‌.

حكومەتی هەرێم، لە ‌مانگی شوباتی ساڵی 2016 بە ‌نووسراوێك ماوەی شەش مانگی بۆ دەستنیشان كردبوون كە قەرزەكان بدەنەوە، بەڵام تەنیا (15% – 17%) قەرزەكانی وەرگرتۆتەوە بە ‌شێوەی پارەی كاش، حكومەت چەكی بانكیی داوەتە وەبەرهێنەران‌و بازرگانان، ئەوانیش داوایان كردووە چەكەكانیان لێ وەربگیرێتەوە لە جیاتی قەرزەكان، بەڵام حكومەت بڕیاری لەسەر نەداوە.

چەكی بانكییان لێ وەربگرێت

بەشێك لە بازرگان‌و وەبەرهێنەكان لە بەرامبەر قەرزەكانیاندا موڵكیان خەواندووە‌‌و بەشێكیشیان داوایان كردووە حكومەت چەكی بانكییان لێ وەربگرێت، بەڵام حكوومەت داوای پارەی كاشی كردووە.

ئازاد رەشید خاوەنی كۆمپانیای خۆراكە لە پارێزگای هەولێر، بری 180 ملیۆن دیناری حكومەت قەرزارە‌‌و موڵكی خەواندووە.

ئەو دەڵێ: «تەبلیغیان بۆ ناردووین كە لە ماوەیەكی دیاریكراودا ئەو قەرزە بدەینەوە بە حكومەت، بەڵام ئێمەش چەكی بانكیمان لای حكومەتە‌و دەكرێت لەو چەكانە پارەی قەرزەكان لە بازرگان‌‌و وەبەرهێنەرەكان وەربگرێتەوە».

بە‌بڕوای ئەم بازرگانە، باشترین رێگە ئەوەیە ئەو پارەیەی لای حكومەتە لەو قەرزەی دەربكەن كە لەسەر بازرگان‌و خەڵكانی تریش هەیە، وتی: «ئەوە پڕۆسەكە یەكلادەكاتەوە نەك سكاڵاو تەبلیغ‌ ناردن یان بوترێت ئەو موڵكانەی وەك زەمان خەوێندراوە حكومەت بیانفرۆشێتەوە، چونكە فرۆشتنەوەی موڵكەكانیش چارەسەری كێشەكە ناكات».
«نیوە قیمەت دەكات»

وەبەرهێنەرێكی پارێزگای سلێمانی كە نەیویست ناوەكەی بڵاوبكرێتەوە‌و بڕی دوو ملیار دیناری حكومەتی هەرێم قەرزارەو لە بەرامبەردا موڵكی خەواندووە، دووجار لە‌لایەن حكومەتی هەرێمەوە ئاگادار كراوەتەوە بۆ ئەوەی قەرزەكەی بە ‌نەقدی بداتەوە.

وتیشی: «خۆم زیاتر لە یەك ملیار‌و 650 ملیۆن دینارم لە ‌لای حكومەتە، چۆن دەكرێت من قەرزەكە بە كاش ببەمەوە بۆ حكومەت‌و چەكەكەی خۆیم لێ وەرنەگرێت، لە كاتێكدا بە‌هۆی قەیرانی داراییەوە چەكی بانكی لە بازاڕەكاندا ئێستا نیوە قیمەت دەكات».

لە ئێستادا 10 ملیۆن دینار چەكی بانكی لە بازاڕەكانی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەرێمی كوردستان بەرامبەر بە چوار ملیۆن‌‌و 800 هەزار دینار مامەڵەی پێوە دەكرێت.

650 ملیار دینار ماوە
قەرزەكانی حكومەت لای بازرگان‌و وەبەرهێنەرانە‌و لە ‌ماوەی 2016دا (15%)ی ئەو قەرزانە گەڕێندراونەتەوە بۆ حكومەت، زیاتر لە 650 ملیار دینار ماوە تا ئێستا نەگەڕێندراوەتەوە بۆ حكومەت.